١٦ نيسانی ٢٠٢٦
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە: بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە ڕووبەڕووی گەورەترین قەیرانی وزە بووینەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ـی نیسانی 2026، فاتیح بیرۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ڕایگەیاند، جیهان لە ئێستادا ڕووبەڕووی گەورەترین قەیرانی وزە بووەتەوە لە مێژووی نوێدا، ئەمەش لە ئەنجامی پەرەسەندنی سەربازی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەککەوتنی گەیشتنی نەوت و گاز، لە نێوەندی مەترسییە جدییەکان بۆ پەکخستن یان داخستنی گەرووی هورمز، کە بە گرنگترین ڕێڕەوی زیندووی وزە لە جیهاندا دادەنرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، قەیرانی ئێستا لە ڕووی کاریگەری و توندییەوە، لە قەیرانەکانی نەوتی ساڵانی 1973 و 1979 و تەنانەت قەیرانی ساڵی 2022ـش تێپەڕیوە و قەبارەی کەمیی دابینکردنی وزە گەیشتووەتە ئاستێکی بێپێشینە.
دەشڵێت، گەرووی هورمز خاڵێکی هەستیار و تەنگژەیە لە سیستەمی جیهانیی وزەدا، هەر پەککەوتنێک لە هاتووچۆی دەریایی لەو گەرووەدا، ڕاستەوخۆ و بە توندی ڕەنگدانەوەی لەسەر نرخەکانی نەوت و زنجیرەی دابینکردنی جیهانی دەبێت.
وتیشی، ناوچەکە ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بووەتەوە کە هەڕەشە لە ژێرخانی وزە دەکات، بە جۆرێک دەیان دامەزراوەی زیندوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیانیان بەرکەوتووە، ئەمەش ئەگەری بەردەوامبوونی قەیرانەکە و خراپتربوونی لێکەوتە ئابوورییەکانی زیاتر دەکات.
