١٢ نيسانی ٢٠٢٦
قالیباف: ئەگەر ئەمریکییەکان بیانەوێت بجەنگن، ئێمەش دەجەنگین
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ، لە وەڵامی هەڕەشەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە گەلی ئێران بە هەڕەشەکردن خۆیان بەدەستەوە نادەن و ئامادەی بەرپەرچدانەوەی هەموو جۆرە هێرشێکن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 12ـی نیسانی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوای گەڕانەوەی لە ئیسلام ئاباد، ستایشی خۆڕاگری گەلی ئێرانی کرد و رایگەیاند، ئامادەیی خەڵک لە شەقامەکاندا و پشتیوانییان لە پەیامی رێبەری باڵا، هێزێکی گەورەی بە تیمی دانوستانکار بەخشیوە.
سەبارەت بە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت:" ئەم جۆرە هەڕەشانە کاریگەرییان لەسەر ئێران نییە، ئێمە سەلماندوومانە کە ئەمە تەنها دروشم نییە و جیهان بە چاوی خۆی بینیویەتی ".
وتیشی: "ئەمریکییەکان ئەگەر بجەنگن، ئێمەش دەجەنگین، و ئەگەر بە لۆژیک بێنە پێشەوە، بە لۆژیک وەڵامیان دەدەینەوە، جارێکی دیکە ئیرادەی ئێمە تاقی بکەنەوە، وانەیەکی گەورەتریان پێ دەدەین ."
