١١ نيسانی ٢٠٢٦
ئاژانسی تەسنیم: دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد گەیشتنە قۆناغی ئاڵوگۆڕی نووسراو.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی رایگەیاند، سەرەڕای گەیشتنی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد بە قۆناغی ئاڵوگۆڕکردنی دەق و نووسراو، پرسی گەرووی هورمز وەک یەکێک لە ئاڵۆزترین تەوەرەکانی نێوان تاران و واشنتن دەستنیشان کراوە کە ناکۆکیی جددی لەسەرە.
ئەمڕۆ شەممە 11ـی نیسانی 2026، ئاژانسی دەزگای راگەیاندنی فەرمی ئێران رایگەیاند، نیشانەکان وا دەردەکەون ئەم گەڕەی گفتوگۆکان لە یەک رۆژ زیاتر نەخایەنێت، ئەمەش دوای ئەوەی گەشبینییە سەرەتاییەکان بۆ درێژکردنەوەی دانوستانەکان رووبەڕووی بەربەست بوونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتێکدا هەردوولا گەیشتبوونە قۆناغی ئاڵوگۆڕی دەق بۆ گەیشتن بە چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ دانوستان، بەڵام تیمی ئەمریکی بە داواکارییە نوێیەکانی کە وەک "زیادەڕۆیی مەرسوم" وەسف کراوە، ڕێگری لە بەرەوپێشچوون کردووە.
دەشڵێت، شاندی ئێرانی لەسەر مێزی دانوستان جەختی کردووەتەوە، بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری دەستکەوتە سەربازییەکانی نابێت و سوورە لەسەر پاراستنی مافەکانی گەلی ئێران.
راشیگەیاند، بابەتی گەرووی هورمز گەورەترین خاڵی بەریەککەوتنی نێوان هەردوولایە، لە کاتێکدا ئەمریکا باس لە پاککردنەوەی گەرووەکە دەکات، ئێران ئەم بابەتە بە بەشێک لە سەروەری و دەستکەوتە سەربازییەکانی خۆی دەبینێت و ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ناکۆکییەکی قووڵ و جددی لەناو ژووری دانوستانەکاندا.
ئەمەش لەکاتێکدایە، میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە تا ئێستا دوو گەڕی دانوستانەکان ئەنجامدراون و چاوەڕوان دەکرێت گەڕی سێیەمی گفتوگۆکان دەست پێ بکات.
هاوکات، ئەم کۆبوونەوە ڕاستەوخۆیانە لە پاکستان، کە جێگری سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسە باڵاکانی تاران و ئیسلام ئاباد تێیدا بەشدارن، وەک گرنگترین هەوڵی دیپلۆماسی بۆ هێورکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان واشنتن و تاران دەبینرێت.
