١١ نيسانی ٢٠٢٦
وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی سێی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێم دەکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بڵاویکردەوە، سبەینێ رۆژی یەکشەممە، 12ــی نیسانی 2026، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێم دەکرێت و رۆژی سێشەممە، 14ــی نیسانی 2026، کۆتایی بە دابەشکردنی مووچە دێت.
بەپێی لیستی مووچەی مانگی سێ، سبەینێ یەکشەممە، مووچەی هەر یەکە لە خانەنشینی شارەستانی و پێشمەرگە، زیندانییە سیاسییەکان، بەرکەوتووانی کیمیاباران، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پەروەردە و تەندروستی دابەش دەکرێت.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەوەی وەرگرتنی پارە بە شێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق دەکەوێتە رۆژی یەکشەممە لە کاتی دەوامی فەرمیی، بۆیە داوا لە سەرجەم مووچەخۆران دەکەن لە دوای کاتژمێر یەکی نیوەرۆ سەردانی بانکەکان بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی مووچەکانیان بە پێی خشتەی راگەیەندراو.
