چارەنووسی حەجی ئەمساڵی حاجییانی هەرێم ئاشکرادەکرێت

٩ نيسانی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێم شێواز و کاتی حەجی ئەمساڵی حاجییانی هەرێم ئاشکرادەکات.

کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "رێکارەکانی حەجی ئەم ساڵ بەرەو تەواوبوون دەچن؛ هەفتەی داهاتوو لەگەڵ کۆمپانیاکان و حاجییان لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کۆدەبینەوە، بۆ ئەوەی شێواز و رێکارەکانی گەشتی ئەم ساڵیان پێ رابگەیەنین و زانیاری پێویستیان بدەینێ".

سەبارەت بە کاتی گەشتکردنی حاجیان بۆ سعودییە، وتیشی: "ئەگەر دۆخی ناوچەکە باش بێت و جەنگ روونەدات، هەموو حاجییانی ئەم ساڵ لە رێگەی ئاسمانییەوە لە 7ـی ئایارەوە بەڕێدەکەون، بەڵام ئەگەر دۆخەکە تێکبچێت، ئەوا بە وشکانی گەشت دەکەن، لە هەموو حاڵەتێکیشدا دەبێت تاوەکو 15ـی ئایار هەموو حاجییان گەیشتبن".