٦ نيسانی ٢٠٢٦
لە ڕێگەی وڵاتانی نێوەندگیرەوە هەوڵدەدرێت ئاگربەستێکی 45 ڕۆژی لەنێوان ئەمریکا و ئێران ئەنجامبدرێت.
ماڵپەڕی ئەكسیۆسی ئەمریكی رایگەیاند: لە دوایین هەوڵەكاندا، ئەمریکا و ئێران و کۆمەڵێک نێوەندگیری ناوچەیی تاوتوێی مەرجەکانی ئەگەری ئاگربەست بۆ ماوەی 45 رۆژ دەکەن کە دەكرێت ببێتە هۆی کۆتایی هاتنی هەمیشەیی شەڕەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرچاوەکان دەڵێن چانسی گەیشتن بە رێككەوتن لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا لاوازە، بەڵام ئەمە دوایین هەوڵە و تاکە دەرفەتە بۆ پێشگرتن لە هەڵکشانی مەترسیدار لە شەڕەکەدا، کە هێرشی فراوان بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی ئێران و تۆڵەسەندنەوە لە دامەزراوەکانی وزە و ئاو لە دەوڵەتانی کەنداو لەخۆ بگرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ناوبژیوانان پێیان وایە کە دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسی یۆرانیۆم دەكرێت ببێتە هۆی رێککەوتنی کۆتایی.
دانوستانەکانیش لە ڕێگەی ناوبژیوانانی پاکستان و میسر و تورکیا و نامە کورتە راستەوخۆکانی نێوان ویتکۆڤ و عراقچی ئەنجام دەدرێن.
