٢ نيسانی ٢٠٢٦
گورچیلەکان وەک "پاڵاوگەی" جەستەی مرۆڤ کار دەکەن، ڕۆژانە خوێن لە پاشماوە و ژەهرەکان پاک دەکەنەوە و هاوسەنگی ئاو و خوێ ڕادەگرن، کاتێک ئەم ئەندامە گرنگە توانای کارکردنی ئاسایی خۆی لەدەست دەدات، جەستە تووشی بارێکی مەترسیدار دەبێت کە بە سستبوونی گورچیلە (Kidney Failure) دەناسرێت.
جۆرەکانی سستبوونی گورچیلە
سستبوونی گورچیلە بەپێی کات و خێرایی تووشبوونەکە دابەش دەبێت بۆ دوو جۆری سەرەکی:
1-سستبوونی کتوپڕ (Acute): کاتێک گورچیلەکان لەناکاو و لە ماوەیەکی کەمدا (چەند کاتژمێر یان چەند ڕۆژێک) هێزی کارکردن لەدەست دەدەن.،زۆرجار بەهۆی خوێنبەربوون، ژەهراویبوون یان هەوکردنی توندەوەیە.
2-سستبوونی درێژخایەن (Chronic): ئەم جۆرەیان بە هێواشی و بە تێپەڕبوونی چەندین ساڵ ڕوودەدات، زۆرجار نەخۆشەکە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا هیچ نیشانەیەکی نییە.
نیشانە سەرەکییەکانی سستبوونی گورچیلە
کاتێک گورچیلە سست دەبێت، پاشماوەکان لەناو خوێندا کۆدەبنەوە و ئەم نیشانانە دەردەکەون:
-هەستکردن بە ماندوێتی و بێهێزی بەردەوام.
-ئاوسانی قاچەکان، دەستەکان، یان دەوروبەری چاو (بەهۆی کۆبوونەوەی شلە).
-کەمبوونەوەی بڕی میزی ڕۆژانە.
-هێڵنجدان و نەمانی ئارەزووی خواردن.
-خورووی توندی پێست کە هۆکارەکەی دیار نییە.
-تەنگەنەفەسی (بەهۆی کۆبوونەوەی ئاو لە سییەکاندا).
هۆکارە باوەکانی سستبوونی گورچیلە
بەپێی ئامارە پزیشکییەکان، چەندین هۆکاری سەرەکی بەرپرسن لە زۆربەی بارودۆخەکانی سستبوونی درێژخایەن:
-نەخۆشی شەکرە: بەرزبوونی ڕێژەی شەکر لە خوێندا زیان بە دەمارە وردەکانی ناو گورچیلە دەگەیەنێت.
-بەرزەپەستانی خوێن (زەخت): پەستانی بەردەوام دەبێتە هۆی ڕەقبوون و تەسکبوونەوەی خوێنبەرەکانی گورچیلە.
-بەکارهێنانی هەڕەمەکی دەرمان: بەتایبەت دەرمانی ئازارشکێن (وەک پرۆفین و ناپڕۆکسین) ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ و بەبێ ڕێنمایی پزیشک بخورێن.
-بەردی گورچیلە: ئەگەر چارەسەر نەکرێت و ڕێڕەوی میز بگرێت، زیانی گەورە بە شانەکانی گورچیلە دەگەیەنێت.
چۆن گورچیلەکانمان بپارێزین؟
پزیشکەکان دەڵێن "خۆپاراستن هەمیشە باشتر و ئاسانترە لە چارەسەر."هەروەها ئامۆژگاری خەڵک دەکەن کە ئەم هەنگاوانە پەیڕەو بکەن:
-کۆنتڕۆڵکردنی شەکرە و زەخت: ئەگەر ئەم دوو نەخۆشییەو هەیە، پێویستە بەردەوام لەژێر چاودێری پزیشکدا بیت.
-خواردنەوەی ئاوی پێویست: ڕۆژانە خواردنەوەی 8-10 پەرداخ ئاو یارمەتی گورچیلەکان دەدات بۆ پاڵاوتنی ژەهرەکان.
-کەمکردنەوەی خوێ: خوێ هۆکاری سەرەکییە بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و ماندووکردنی گورچیلە.
-دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان: جگەرەکێشان خوێنبەرەکان تەسک دەکاتەوە و بڕی ئەو خوێنە کەم دەکاتەوە کە دەگاتە گورچیلەکان.
-وەرزشی بەردەوام: کێشی تەندروست فشار لەسەر ئەندامەکانی جەستە کەمدەکاتەوە.
سەرچاوە پشتگیرەکان:
National Kidney Foundation. What is Kidney Failure?
Mayo Clinic Staff. Chronic Kidney Disease: Diagnosis & Treatment.
NIDDK (NIH). Preventing Chronic Kidney Disease.
American Kidney Fund. Understanding Kidney Function Tests
