لەپێناو کردنەوەی گەرووی هورمز زیاتر لە 30 وڵات کۆدەبنەوە

٢ نيسانی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

بڕیارە ئەمڕۆ لە پێناو کردنەوەی گەرووی هورمز زیاتر لە 30 وڵات کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاین ساز دەکەن و ئەمریکا بەشداری کۆبوونەوەکە ناکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ـی 4ـی 2026، کیەر ستارمەر سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، بە بەشداری 36 وڵات ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاین بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکان بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕێوەدەچێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەکە بۆ گەڕاندنەوەی ئازادی کەشتیوانی و دڵنیابوون لە سەلامەتی کەشتییە گیرخواردووەکان و جوڵەی دەریایی بە سەرۆکایەتی ئیڤێت کوپەر وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت و هەموو رێوشوێنە دیپلۆماسی و سیاسییەکان تاوتوێ دەکرێت.

هاوکات، لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران لە 28ـی شوباتی ئەمساڵ، ئێران هێرشی کردە سەر ژمارەیەک کەشتیی و هەڕەشەی هێرشی زیاتریش دەکات گەر بێت و کەشتییەکان بە بێ هەماهەنگی بیانەوێت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن و جەختیش دەکاتەوە گەرووەکە بۆ دوژمنان و هاوپەیمانانی دوژمنانی داخراوە.

لە دەرئەنجامی داخرانی گەرووی هورمز و لە ئەگەری بەردەوامی شەڕ لە کەنداو پێشبینی قووڵتر بوونەوەی قەیرانی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی دەکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمریکا کە لە شەڕی دژ بە ئێران بەشدارە، ئامادەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ نابێت.

دوێنێ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کردنەوەی گەرووی هورمز ئەرکی واشنتن نییە و هەر وڵاتێک خوازیاری کردنەوەیەتی با خۆی هەنگاوی بۆ بنێت.