ئەردۆغان: لە ڕابردوودا چۆن بەیەکەوە بووین پشتیوان بەخودا لە داهاتووشدا هەروا دەبین

٢٦ ئازاری ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

سەرۆککۆماری تورکیا: فرمێسکەکانی ئیسفەهان و تاران جیاواز نین لە فرمێسکەکانی هەولێر و بەغدا

ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ـی ئازاری 2026، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، سەبارەت بەهێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران رایگەیاند:" فرمێسکەکانی ئیسفەهان، تەبرێز و تاران چی جیاوازییەکیان لەگەڵ فرمێسکەکانی هەولێر، عەممان، بەغدا، بەیروت، سەنعا، دۆحە، ریاز و شارە براکانی دیکەی ناوچەکەمان هەیە؟ ".

ئاماژەی بەوەشکرد:" ئەو جەنگەی رۆژی 28ـی شوبات بە هاندانی ئیسرائیل دژی ئێران دەستیپێکرد، بەبەردەوامی ناوچەکەمان نوقمی بۆنی خوێن و بارووت دەکات، منداڵانی بێتاوان و بێئاگا لە هەموو شتێک، لە کاتێکدا لە قوتابخانەکانیان گوێ لە وانەکانیان دەگرن، دەبنە ئامانجی مووشەک و بۆمبەکان ".

وتیشی:" ناوچەکەمان بە ئازارترین و سەختترین رۆژانی سەدەی رابردووی خۆیدا تێدەپەڕێت، تۆڕی کۆمەڵکوژی کە رق و کینە چاویانی کوێر کردووە، بە پاساوی بیانووی ئایینی، جوگرافیاکەمان بەرەو کارەساتێکی گەورە پەلکێش دەکەن."