٢٤ ئازاری ٢٠٢٦
سەرۆکی پارتی رایگەیاند:" زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو پەلامارە دەکەم کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە موشەکی ئێرانی کرایە سەر بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان".
ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی ئازاری 2026، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی رایگەیاند، ئەو پەلامارە دوژمنکارانەیە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو پەلامارە دەکەم کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە مووشەکی ئێرانی کرایە سەر بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکرد:" بە داخێکی زۆرەوە لە ئەنجامدا ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمان شەهید و ژمارەیەکی تریش بریندار بوون، پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادەی شەهیدانی ئەو پەلامارە ناڕەوایە دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازم ".
جەختیشیکردەوە:" ئەو پەلامارە دوژمنکارانەیە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت، ئەوە بۆ جاری چەندەمە ئەم جۆرە هێرشانە بە بێ گوێدانە بنەماکانی دراوسێتی و یاسای نێودەوڵەتی بەرانبەر هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت ".
