ئاینی بانک لە ڕۆژئاوا و ئاینی خوێن و مانەوە لە ڕۆژهەڵات

٢٣ ئازاری ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

ئاینی بانک لە ڕۆژئاوا و ئاینی خوێن و مانەوە لە ڕۆژهەڵات

کە باس لە "ئاین" دەکەم، مەبەستم ڕێوڕەسمە ئاینییەکان نییە، بەڵکو مەبەستم ئەو "بەها باڵایەیە" کە نەتەوەیەک یان دەسەڵاتێک یان تەنانەت کەسێک ئامادەیە هەموو شتێکی لەپێناودا بکاتە قوربانی، لەم دیدەوە، جیهانی ئەمڕۆ لە نێوان دوو جەمسەری دژبەیەکدا دابەش بووە، جەمسەرێک کە "سەرمایە" وەک خوداوەند دەبینێت، پارە دەپەرستێت، و جەمسەری بەرامبەر "ئایدیۆلۆژیای ئایینی"ییە کە ئاینی کردووەتە قەڵغانی مانەوەی دەسەڵاتی خۆی، بەر لە خوێندنەوە تکام وایە تۆی خوێنەر ئەم بابەتە بە دژایەتی ئاین لێکنەدەیتەوە، قسەی من لەسەر ئاینی سیاسی و سەرمایەداری ڕۆژیاوایە کە هەردوکیان ئامانجەکەیان دەسەڵات و مانەوەیە، هەریەکەیان بە دید و تێڕوانینی خۆی، مرۆڤیان بێبەها کردووە، گەر لە من دەپرسیت نە پارە و نە هیچ ئایدۆلۆژیایەک لە مرۆڤ باڵاتر و گەورە تر نییە تەنانەت ئاینە ئاسانییەکانیش بۆ خمەتی مرۆڤایەتین، هیچیان شایەنی کوشتنی چۆلەکەیەکیش نین نەک مرۆڤێک، هەڵبەت تێڕوانینی من زیاتر پەروەردەیی و مێژووییە نەک لێکدانەوە و شرۆڤەی سیاسی، ئاواتەخوازم لە هیچ دۆخێکدا کەس نەبێتە قوربانی، نە ببێتە قوربانی بۆ ئایدیۆلۆژیا و نە ببێتە ئامێر بۆ بانکەکان.

“پەرستنی ژمارەکان لە ڕۆژئاوا و پەرستنی سێبەرەکان لە ڕۆژهەڵات”

لە ڕۆژئاوای مۆدێرندا، "پارە" و "بازاڕی ئازاد" بوونەتە تەوەری سەرەکیی ژیان، لە دنیای سەرمایەداریدا پارە تەنها هۆکارێکی ئاڵوگۆڕ نییە، بەڵکو بنەمایەکە کە شەرعییەت بە دەسەڵات دەدات بۆ هەر دەستدرێژییەک لە پێناو زیادکردنی سەرمایەکەیدا، تەنانەت جەنگەکان و ئاشتیش لەسەر بنەمای قازانجی ئابووری دادەڕێژرێن، ئەگەر شەڕێک زیانی دارایی هەبێت، کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی فشار دەکات بۆ وەستاندنی

“ئێران ئایدیۆلۆژیای شیعەگەری وەک ئامرازی دەسەڵات”

لە بەرامبەردا، مۆدێلی حوکمڕانی لە ئێراندا (دوای ١٩٧٩) لەسەر بنەمایەک دامەزراوە کە تێیدا "ئایدیۆلۆژیای شیعەگەری" لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی ماددی و نەتەوەیی و بگرە خودی باوەڕ ئاوێتەی تەواوی بەرژەوەندییە نەتەوایەتیەکان بووە، لەم جۆرە دەسەڵاتەدا، سزای ئابووری، برسێتی، و گۆشەگیریی نێودەوڵەتی و هەر فشارێکی دیکە وەک "تاقیکردنەوەی خودایی" و "خۆڕاگریی پیرۆز" وێنا دەکرێن، بە پێچەوانەی ڕۆژئاواوە کە پارە بڕیار دەدات کەی شەڕ بوەستێت و کەی دەستپێبکاتەوە، لە ئێران و هاوشێوەکانیدا، ئایدیۆلۆژیا بڕیار دەدات تەنانەت ئەگەر وڵاتەکەشیان وێران ببێت، نابێت پاشەکشە لە دروشمە ئاینییەکان بکرێت، مامەڵە کردن لەگەڵ ئەم جۆرە دەسەڵاتانەدا گەر سەر بە هەمان ڕەوت نەبیت ئێجگار قورسە و هیچ دەسەڵات و هێزێک ناتوانێت لەناوی بەرێت، نە بە کوشتنی دارودەستە و نە بەکوشتنی سەرکردەکانیان کۆتایی نایەت تەنانەت بە وێرانکردنی وڵاتەکەشیان، ئەوەی کە دەتوانێت بیسڕێتەوە تەنها پەروەردەیە کە ئەمە پڕۆسەیەکی خاوە و پلانی درێژخایەن و وردی دەوێت، خاڵێکی گرنگی تر ئەوەیە، لەم جۆرە دەسەڵاتانەدا سەرکردە وەک "وەلی ئەمر" دەبینرێت، کە دەسەڵاتەکەی لە خوداوە وەرگرتووە، بۆیە دەستبەرداربوون لە دەسەڵات، لای ئەمان وەک "کفر" و "شکستی ئایین" سەیر دەکرێت، لە لایەن خوداوە سزای توندی لەسەرە، ئامادەن زۆرترین قوربانی بە گەلەکەیان بدەن، بەڵام دەستبەرداری یەک وشە لە بیروباوەڕەکەیان نەبن.

لە نێو ململانێی ئەم دوو جەمسەرەدا مرۆڤ و مرۆڤبون لە کوێدایە؟

جیاوازییە گەورەکە لێرەدایە:

* لە دینی ڕۆژئاوادا مەبەستم (سەرمایەداری)ە کە جێی باوەڕی دینی گرتۆتەوە و بە جۆرێک وەک ئاین سەیری پارە دەکرێت تەنانەت زیرەکی و لێهاتویی تاکەکانتش بە بڕی سەرمایەکەی دەپێورێت، لێرە بە گشتی مرۆڤ وەک "بەرکار" و "هێزی کار" سەیر دەکرێت لێهاتوییەکانیشی بە پارە قیاس دەکرێت، لایەنە پۆزەتیڤەکەی ئەوەیە ئەگەر دەسەڵات نەتوانێت ژیانێکی ئاسایی بۆ هاوڵاتیان دابین بکات، سەرکردە و سەرۆک ئاسان دەستبەرداری دەسەڵات دەبێت یان لادەبرێت، بە پێچەوانەی سەرۆک و سەرکردەی ئایدۆلۆژیا ئاینییەکان کە هەم خۆیان و هەم شوێنکەوتووەکانیان وەک نوێنەری خوداوەند لە سەر زەوی خۆیان دەبینن .

* لە ئایدیایی دینی سیاسی ئێرانی و هاوشێوەکانیدا بە نمونە، مرۆڤ وەک "قوربانی" سەیر دەکات، ئەرکی مرۆڤ ئەوە نییە داوای خۆشگوزەرانی بکات، بەڵکو ئەرکی مرۆڤ ئەوەیە خۆی بکاتە قوربانی، فیدای ئەو ئامانجە ببێت کە دەسەڵاتە ئایینییەکە دیاری کردووە و واجبە لە سەری بە گیان و رۆحی قوربانی بۆ ڕێبازەکەی سەرۆک بدات لە پێناو دینی خودادا، لایەنە پۆزەتیڤیەکەی هەر بۆ دەسەڵاتە و میللەت ناچارە بەرگەی هەموو قەیرانێک بگرێت و لە هیچ دۆخێکدا چانسی گۆڕینی سەرۆک و سەرکردەی نییە تەنانەت بە مردنی سەرۆکیش، هاوشێوەیەکی دەبێت بە جێگرەوەی و هیج گۆڕانکارییەک ڕونادات .

زۆر بە کورتی و بە باوەڕی من، بۆ ئیمەی کورد زۆر گرنگە، لەوەی کە ئێستا هەمانە، زۆر زیاتر گرنگی بە پەروەردە بدەین، تا نەوەکانی ئایندەمان لە هەردوو جەمسەرەکەی دنیا دوور بن، لە هەمان کاتدا ستراتیژیانە بتوانن مامەڵە لەگەڵ دونیادا بکەن و خۆیان بگونجێنن، لە ڕوی فکریشەوە نە پارە بکەنە خودای خۆیان، نە ڕێگە بدەن مێشکیان بە ئایدیۆلۆژیای ئاینیی سیاسی بشۆرێتەوە.