١٦ ئازاری ٢٠٢٦
چاک شومەر، سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا هێرشێکی توندی کردە سەر پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا و بە "فێڵباز" ناوی برد، دوای ئەوەی لە ڕاپۆرتێکی حکومەتدا ڕایگەیاند، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە ماوەی یەک مانگدا 93 ملیار دۆلاری خەرجکردووە، لەناویاندا پارە بۆ خواردنی گران و ئامێری مۆسیقا و ئەلیکترۆنیاتی پێشکەوتووی تێدابووە.
"50 ملیار دۆلار لە ماوەی 5 ڕۆژدا"
داتاکانی دەزگایەکی چاودێری حکومەت رایگەیاند، وەزارەتی جەنگ (پێنتاگۆن) زۆرترین خەرجی مانگانەی لە مێژووی دەزگا فیدراڵیەکاندا تۆمارکردووە لە ماوەی مانگی ئەیلولدا، بەجۆرێک کۆی گشتی پارەکان لە پێنج ڕۆژی کۆتایی مانگەکەدا 50 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
خەرجییەکان بەمشێوەیە بووە:
- زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار لە کڕینی ئەختەبوتی ئەلاسکا خەرج کراوە
- 15.1 ملیۆن دۆلار بۆ ستیکی (ڕیب ئای)
- 6.9 ملیۆن دۆلار بۆ کلکی قڕژاڵ
- یەک ملیۆن دۆلار بۆ سەلەمون
- 26 هەزار دۆلار بۆ سوشی
بەرپرسانی وەزارەتی جەنگ پاساویان بۆ ئەم کڕینانە ئەوەیە، کە "پێویستن" بۆ ئامادەکردنی سەربازەکان بۆ ئەرکەکانی شەڕکردن، بەڵام داتاکان دەریانخستووە کە لیستی کڕینەکان، تەرخانکردنی بەرچاوی بۆ شیرینیەکانیش لەخۆگرتووە، لەناویاندا 124 هەزار دۆلار بۆ ئامێری ئایسکرێم و 139 هەزار دۆلار بۆ دۆنات.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، 5.9 ملیار دۆلار خەرجکراوە بۆ تەکنەلۆژیای زانیاری، لەناویاندا 5.3 ملیۆن دۆلار بۆ فرۆشگاکانی ئەپڵ، کە 400 ئایپادی نوێی لەخۆگرتووە کە بەهای 315 هەزار دۆلارە.
پارەکان هەر بۆ کڕینی خواردن نەبوون، بەڵکو بەشێکی بەمشێوەیە بووە:
- پیانۆیەکی گەورەی ستینوای بە بڕی 98 هەزار دۆلار بۆ بارەگای فەرماندەیی هێزی ئاسمانی
- فلوتێکی تایبەت بە 22 هەزار دۆلار
- ستیکەری کارەکتەرە کارتۆنییەکانی منداڵان وەک "پاو پاترۆڵ" و "دۆرا" کە نرخی زیاتر لە 3000 دۆلارە.
هەروەها وەزارەتەکە 225 ملیۆن دۆلاری بۆ مۆبیلیات خەرجکردووە، کە 60 هەزار دۆلاری بۆ کورسییەکانی هێرمان میلەر و 12 هەزار و 500 دۆلاری بۆ ستاندی سەبەتەی میوە خەرجکردووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە 6.6 ملیار دۆلار لەو کڕینانە بۆ کۆمپانیا و حکومەتە بیانییەکان بووە، ئەمەش دژایەتییەکی ڕوونە لەگەڵ سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ هاندانی کڕینی بەرهەمە ئەمریکییەکان.
لیبراڵەکان توڕەیی خۆیان دەربڕی و پێشنیاریان کرد کە بەشێک لەم خەرجکردنە لە ئەنجامی "ساختەکاری یان گەندەڵی" ـبووە، هەندێکی دیکە هۆکارەکەیان گەڕاندەوە بۆ سیاسەتی "خەرجکردن یان بەهەدەردان" کە پاڵ بە دەزگا فیدراڵیەکانەوە دەنێت، بۆ کەمکردنەوەی ئەو بودجەیەی ماوەتەوە پێش کۆتایی ساڵی دارایی.
ئەم خەرجییە سەرسوڕهێنەرە بەشێکە لە دیاردەیەکی ساڵانە کە بە "ڕۆژی پرایمی ئەمازۆن بۆ دەزگاکانی حکومەت" ناسراوە، کە دەزگاکان پێشبڕکێ دەکەن بۆ خەرجکردنی ئەو بودجەیەی ماوە پێش وادەی 30ـی ئەیلول، ئەمەش ڕێژەی بەرزی خەرجکردن و کڕینی نائاسایی ڕوون دەکاتەوە کە لە ڕۆژانی کۆتایی مانگدا دەبینرێت.
