١٦ ئازاری ٢٠٢٦
هەموو ساڵێک لە مانگی ئازاردا، ڕێکخراوە تەندروستییەکانی جیهان چالاکییەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان لە مەترسییەکانی شێرپەنجەی کۆڵۆن، ئامانجی سەرەکی ئەم مانگە تەنها ناساندنی نەخۆشییەکە نییە، بەڵکو هاندانی خەڵکە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە کە دەتوانێت ژیانی هەزاران کەس ڕزگار بکات.
شێرپەنجەی کۆڵۆن یەکێکە لەو شیرپەنجانەی بە بێدەنگی گەشە دەکات، گرێیە بچووکەکان بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە ناو کۆڵۆندا دەمێننەوە بێ ئەوەی هیچ نیشانەیەکیان هەبێت، مانگی ئازار وەبیرهێنانەوەیەکە بۆ ئەوەی بزانین کە پشکنینی خولی دەتوانێت ئەم گرێیانە بدۆزێتەوە و لایان ببات پێش ئەوەی بگۆڕێن بۆ شێرپەنجە.
پسپۆڕانی بواری شێرپەنجە و تەندرووستی ئامۆژگاری هاوڵاتیان دەکەن کە ئاگاداری چەند نیشانەیەکی پێشوەختەبن لەوانەش:
گۆڕانکاری لە پیساییدا
ئەمە تەنها قەبزی یان سکچوونی کاتی نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکە کە بۆ ماوەیەکی درێژ دەمێنێتەوە، بۆ نموونە پیسایی زۆر باریک دەبێتەوە، ئەمەش نیشانەیە بۆ ئەوەی شتێک لە ناو کۆڵۆندا ڕێگری لە هاتنە دەرەوەی پیسایی دەکات.
بینینی خوێن
خوێنەکە دەکرێت ڕەنگی سووری گەش بێت یان پیساییەکە ڕەنگی زۆر تۆخ و ڕەش بێت، هەندێک جار خوێنەکە بە چاو نابینرێت و تەنها لە ڕێگەی پشکنینی تاقیگەییەوە دەردەکەوێت.
کەمخوێنی و بێهێزی
بەهۆی ئەوەی گرێکە بڕێکی کەم خوێنی لێ دەڕوات بۆ ماوەیەکی درێژ، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاسن لە خوێندا، نەخۆشەکە هەست بە ماندووبوونی زۆر و تەنگەنەفەسی دەکات بەبێ ئەوەی کارێکی ئەنجامدابێت.
ئازاری ناوسک
هەستکردن بە غازات، گرژبوونی بەردەوام، یان ئازارێکی ناڕوون لە ناوچەی سکدا کە ناچێتە خوارەوە.
هۆکارەکانی زیادبوونی مەترسی
پسپۆڕان دەلێن هەندێک هۆکار هەن کە مرۆڤ دەتوانێت کۆنترۆڵیان بکات و هەندێکی تریان پەیوەندییان بە جێنەتیکەوە هەیە لەوانەش:
سیستەمی خۆراک: خواردنی زۆری گۆشتی سوور (مانگا و مەڕ) و گۆشتە دەستکرد و لە قوتوونراوەکان وەک سۆسج گۆشتی قوتوو .
تەمەن: زۆربەی توشبووان لە تەمەنی سەروو 45 بۆ 50 ساڵی تووش دەبن.
قەڵەوی و کەمی جووڵە: ئەو کەسانەی چالاکی جەستەییان کەمە زیاتر لە مەترسیدان.
کێشانی جگەرە و خواردنەوەی کحول.
پسپۆرانی بواری شێرپەنجە و تەندرووستی دەڵێن دەکرێت ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەی کۆڵۆن کەم بکرێتەوە بە جێبەجێ کردنی ئەم ڕێنماییانە:
زۆر خواردنی ڕیشاڵەکان (Fiber)
ڕیشاڵەکان وەک گسکێک وایە بۆ ڕیخۆڵە، میوە، سەوزە، و دانەوێڵە تەواوەکان (وەک نانی جۆ و برنجی قاوەیی) ڕێژەیەکی زۆر ڕیشاڵیان تێدایە کە ڕیخۆڵە لە ماددە ژەهراوییەکان پاک دەکەنەوە.
وەرزشی بەردەوام
ڕۆژانە 30 خولەک وەرزشکردن یارمەتی خێراکردنی جووڵەی ڕیخۆڵەکان دەدات و مەترسی دروستبوونی گرێ کەمدەکاتەوە.
پشکنینی پێشوەختە (Screening)
ئەگەر تەمەنت گەیشتووەتە 45 ساڵ، یان مێژووی نەخۆشییەکە لە خێزانەکەتدا هەیە، پشکنینی کۆڵۆنۆسکۆپی گرنگترین هەنگاوە، ئەم پسپۆڕان دەلێن "پشکنینە دەتوانێت گرێیەکان پێش ئەوەی ببنە شێرپەنجە بدۆزێتەوە و لایان ببات."
شێرپەنجەی کۆڵۆن یەکێکە لەو نەخۆشییانەی کە ئەگەر زوو دەستنیشان بکرێت، ڕێژەی چاکبوونەوە تێیدا دەگاتە زیاتر لە 90%، بۆیە هۆشیاری و گوێگرتن لە نیشانەکانی جەستە کلیلی پاراستنی ژیانتە.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) و ئاژانسی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوەی شێرپەنجە (IARC):
پلەی بڵاوبوونەوە: شێرپەنجەی کۆڵۆن سێیەم باوترین جۆری شێرپەنجەیە لە جیهاندا و ساڵانە نزیکەی 1.9 ملیۆن حاڵەتی نوێ تۆمار دەکرێت.
ڕێژەی مردن: ئەم نەخۆشییە دووەم هۆکاری سەرەکی مردنە بەهۆی شێرپەنجەوە لە جیهاندا، کە ساڵانە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 930 هەزار کەس.
سەرچاوە پشتگیرەکان:
Global Burden of Disease Study - GBD
Globocan Database
ACS Colorectal Cancer Screening Guidelines Update
ESMO Guidelines on Colorectal Cancer
