37 ساڵ تێپەڕی بەسەر شەهیدبوونی هونەرمەند و ڕۆژنامەنووس دڵشاد مەریوانی

١٦ ئازاری ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

دڵشاد مەحمەد ئەمین مەریوانی ناسراو بە دڵشاد مەریوانی لە ساڵی 1947 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لەو شارە تەواو کردووە، دواتر ڕووی کردووەتە زانکۆی بەغدا و لەوێ کۆلێژی ئاداب بەشی زمانی کوردی تەواو کردووە، دڵشاد مەریوانی لە تەمەنێکی بچووکەوە خولیای ئەدەبیاتی هەبووە و دەستی بە نووسینی شیعر و چیرۆک کردووە.

هەرچەندە دڵشاد مەریوانی لەدایکبووی سلێمانی بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی باوکی خەڵکی ناوچەی مەریوان بووە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نازناوی مەریوانی بۆ خۆی هەڵبژاردووە و بەو ناوەوە لە ناوەندە ئەدەبییەکاندا ناسراوە.

دڵشاد مەریوانی تەنها شاعیر نەبوو، بەڵکو لە چەندین بواری جیاوازدا کاریکردووە:

1-لە بواری شیعردا خاوەنی دەنگێکی تایبەت و نوێگەر بوو، شیعرەکانی زیاتر ڕەنگدانەوەی ئازارەکانی نەتەوە و ژیانی مرۆڤایەتی بوون.

2-لە بواری چیرۆک و شانۆدا چەندین بەرهەمی گرنگی نووسیوە و وەرگێڕانی بۆ چەندین دەقی جیهانی کردووە بۆ سەر زمانی کوردی.

3-لە بواری ڕۆژنامەگەریدا چالاک بووە و لە چەندین گۆڤار و ڕۆژنامەی ئەو سەردەمەدا بابەتی بڵاوکردووەتەوە.

چالاکیی سیاسی و کۆچی دوایی

دڵشاد مەریوانی تەنها بە قەڵەمەکەی خزمەتی نەدەکردووە، وەک پێشمەرگەیەک لە شاخ بەشداری شۆڕشی کردووە، بەهۆی هەڵوێستە نەتەوەییەکانی و دژایەتیکردنی ڕژێمی بەعس، لە ساڵی 1989 لە شاری سلێمانی دەستگیرکرا.

دواجار لە 14ـی ئاداری ساڵی 1989، لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە گولەباران کرا، لاشەکەی تاکوو ئێساتش کە 37 ساڵ تێپەڕیووە نەدۆزراوەتەوە.

دڵشاد مەریوانی خاوەنی چەندین نامیلکە و دیوانی شیعرە، لەوانە:

-دڵۆپە خوێنەکان.

-فرمێسک و زەردەخەنە.

-دیوانی دڵشاد مەریوانی کە دوای شەهیدبوونی کۆکراوەتەوە و چاپکراوە