١١ ئازاری ٢٠٢٦
فەرماندەی هێزەكانی هەسەدە ڕایگەیاند:" هێرشی سەر خێمەی پرسەی عەلا ئەمین کردەوەی تێکدەرانەبووە و بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت ".
ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی ئازاری 2026، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی هەسەدە ڕایگەیاند، ئەو هێرشەی کە خێمەی ماتەمینی هاوڵاتی عەلا ئەلئەمینی لە قامیشلۆ کردە ئامانج، بە کردەوەیەکی تێکدەرانە دادەنرێت و پشتڕاستی دەکەینەوە کە لایەنی جێبەجێکار بەپێی یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو گەنجە ناوی عەلایە، پێشتر لەلایەن دەزگایەکی ئەمنی سەر بە خۆبەڕێوەبردن دەستبەسەرکرابوو و لەو ماوەیەدا گیانی لەدەستدا.
وتیشی، لێژنەی لێکۆڵینەوەی بێلایەن بۆ دیاریکردنی بارودۆخی تاوانەکە پێکهێنراوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرادەکرێت و بەشێوەیەکی شەفافانە لەگەڵ ڕای گشتیدا بڵاودەکرێتەوە.
ڕاشیگەیاند:" ئێمە پابەندبونی تەواومان دووپات دەکەینەوە بۆ لێپرسینەوە لە هەموو ئەو کەسانەی کە بەشدارن و بەرپرسیارن لەم تاوانە، بەبێ گوێدانە پەیوەندییەکانیان، بەڵێنی بەدیهێنانی دادپەروەری دەدەین لەو پرسەیەدا ".
