١١ ئازاری ٢٠٢٦
ئایا تا ئێستا هەستت کردووە کە بۆ چەند خولەکێک مۆبایلەکەت بەکاردەهێنیت، بەڵام کاتێک بەئاگا دێیتەوە دەبینیت دوو کاتژمێرت لە ناو تیکتۆک یان ئینستاگرام بەسەر بردووە؟ ئەمە تەنها ڕێکەوت نییە، بەڵکو ئەنجامی سیستمێکی ئاڵۆزی دەروونییە کە پێی دەگوترێت تەڵەی دۆپامین.
دۆپامین چییە؟
دۆپامین ماددەیەکی کیمیاییە لە ناو مێشکدا کە بەرپرسە لە هەستی پاداشت و خۆشی، کاتێک خواردنێکی خۆش دەخۆیت یان کارێکی سەرکەوتوو دەکەیت، مێشک ئەم ماددەیە دەردەدات و هەست بە دڵخۆشی دەکەیت.
چۆن گیرۆدە دەبین؟
هەر (لایک)ێـک، کۆمێنتێک، یان ئاگادرییەک کە بۆت دێت، بڕێکی کەم لە دۆپامین لە مێشکتدا دەردەدات، مێشک ئاڵوودەی ئەم هەستە کورت و خێرایانە دەبێت، دیزاینی شاشەکان، ڕەنگە گەشەکان، بابەتی بێکۆتا (Infinite Scroll)، هەموویان بۆ ئەوە دروست کراون کە مێشک هەمیشە چاوەڕێی پاداشتێکی تر بێت لە ڤیدیۆی داهاتوودا.
کاریگەرییە خراپەکان لەسەر ژیانی ڕۆژانە
1-کەمبوونەوەی تەرکیز: مێشک ڕادێت لەسەر وەرگرتنی زانیاری خێرا و کورت، ئەمەش وادەکات خوێندنەوەی کتێب یان کارکردن لەسەر پڕۆژەیەکی درێژخایەن زۆر قورس بێت.
2- تێکچوونی خەو: ئەو تیشکە شینەی لە مۆبایلەوە دەردەچێت، ڕێگری دەکات لە دەردانی هۆرمۆنی مێلاتۆنین، کە بەرپرسە لە خەوێکی ئارام.
3- بەراوردکاری کۆمەڵایەتی: بینینی ژیانی کەسانی دیکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستی خۆ بەکەم زانین و خەمۆکی لای بەکارهێنەر.
چۆن خۆمان لەم تەڵەیە ڕزگار بکەین؟
پێویست ناکات تەکنەلۆژیا بە تەواوی ڕەت بکەیتەوە، بەڵکو دەتوانیت ئەم هەنگاوانە جێبەجی بکەیت:
-نۆتیفیکەیشنی ئەپڵیکەیشنە ناپێویستەکان بکوژێنەرەوە.
-کاتێکی دیاریکراو دانێ بۆ بەکارهێنانی مۆبایل (بۆ نموونە ڕۆژانە یەک کاتژمێر).
-مۆبایل مەبەرە ژووری خەوتنەکەت.
-پەیڕەوی (ڕۆژووی دۆپامین) بکە؛ واتە ڕۆژێک لە هەفتەیەکدا بە تەواوی لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دوور بکەوەرەوە تا مێشک بگەڕێتەوە دۆخی سروشتی خۆی.
سەرچاوە پشتگیرەکان:
1-کۆمەڵەی دەروونناسی ئەمریکی (American Psychological Association)
2-پەیمانگای پزیشکیی هارڤارد (Harvard Medical School)
3-سەنتەری تەکنەلۆژیای مرۆیی (Center for Humane Technology)
