١١ ئازاری ٢٠٢٦
بۆ چەندین ساڵ، کونە ڕەشەکان تەنها وەک بیردۆزێکی بیرکاری لە ناو هاوکێشەکانی ئەلبێرت ئەنیشتایندا بوونیان هەبو،. بەڵام ئەمڕۆ، بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و گرتنی یەکەمین وێنەی ڕاستەقینەی کونێکی ڕەش، زاناکان دەستیان کردووە بە تێگەیشتن لەم تەنە سەیرانەی کە هەموو یاساکانی فیزیا تێکدەشکێنن.
کونی ڕەش چییە؟
کونی ڕەش شوێنێکە لە بۆشایی ئاسماندا کە هێزی کێشکردن تێیدا ئەوەندە بەهێزە، تەنانەت ڕووناکیش ناتوانێت تێیدا دەربچێت، ئەم هێزە بەهێزە لەبەر ئەوە دروست دەبێت کە بڕێکی زۆر لە ماددە لە ناو شوێنێکی زۆر بچووکدا پەستێنراوە، ئەمە وەک ئەوە وایە کە تۆ گۆی زەوی بپەسێنیت بۆ قەبارەی دەنکە نۆکێک، بەڵام کێشەکەی وەک خۆی بمێنێتەوە.
کونە ڕەشەکان چۆن دروست دەبن؟
زۆربەی کونە ڕەشەکان لە ئەنجامی مردنی ئەستێرە زەبەلاحەکان دروست دەبن، کاتێک تەمەنی ئەستێرەیەکی گەورە کۆتایی دێت و سووتەمەنییە ناوکییەکەی نامێنێت، لەژێر قورسایی کێشی خۆیدا دادەڕمێت و دەتەقێتەوە، ئەگەر پاشماوەی ئەستێرەکە ئەوەندە قورس بێت، دەبێتە کونی ڕەش، ئەم پڕۆسەیە بە یەکێک لە توندوتیژترین ڕووداوەکانی گەردوون دادەنرێت.
پێکهاتەی ناوەوەی کونی ڕەش
زاناکان پێیان وایە کونی ڕەش لە سێ بەشی سەرەکی پێکدێت:
1- ئاسۆی ڕووداو (Event Horizon): ئەمە ئەو سنوورەیە کە هەر تەنێک بیبڕێت، چیتر گەڕانەوەی بۆ نییە.
2- دیسکی کۆکەرەوە (Accretion Disk): گاز و تۆزێکی زۆر بە دەوری کونی ڕەشەکەدا دەسوڕێنەوە و بەهۆی لێخشاندنەوە گەرم دەبن و تیشکێکی زۆر بەهێز دەردەکەن، ئەمەش وادەکات ئێمە بتوانین کونی ڕەشەکە ببینین.
3- خاڵی تاکی (Singularity): لە ناوەڕاستی کونی ڕەشەکەدایە، شوێنێکە کە چڕی تێیدا بێکۆتایە و هەموو یاساکانی فیزیای تێدا پەکدەکەوێت.
دیاردەی سپاگێتی (Spaghettification)
ئەگەر مرۆڤێک بەرەو کونی ڕەشێک بڕوات، تووشی دیاردەیەکی سەیر دەبێت کە زاناکان ناویان ناوە سپاگێتی، بەهۆی ئەوەی کێشکردن لە لای پێیەکانت زۆر بەهێزترە وەک لە لای سەرت، جەستەت وەک دەزویەکی درێژی سپاگێتی دەکشێت و پارچە پارچە دەبێت، ئەمە نیشانەی هێزی وێرانکاری بێکۆتای کونی ڕەشە.
کات لە ناو کونی ڕەشدا
یەکێک لە سەیرترین دۆزینەوەکانی زانستی فیزیا ئەوەیە کە کات لە نزیک کونی ڕەشدا هێواش دەبێتەوە، بەپێی بیردۆزی ڕێژەیی ئەنیشتاین، کێشکردنی زۆر کار دەکاتە سەر کات، ئەگەر کەشتیوانێکی ئاسمانی بتوانێت لە نزیک کونی ڕەشێک بمێنێتەوە و دواتر بگەڕێتەوە بۆ سەر زەوی، دەبینێت کە لەسەر زەوی چەندین ساڵ تێپەڕیوە، لەکاتێکدا بۆ ئەو تەنها چەند کاتژمێرێک بووە.
جۆرەکانی کونی ڕەش
هەموو کونە ڕەشەکان وەک یەک نین:
کونە ڕەشە ئەستێرەییەکان: کێشیان چەند هێندەی خۆرە.
کونە ڕەشە زەبەلاحەکان (Supermassive): کێشیان ملیۆنان هێندەی خۆرە و لە چەقی گەلەئەستێرەکاندا بوونیان هەیە، وەک ئەو کونی ڕەشەی لە چەقی گەلەئەستێرەی خۆمان (ڕێگەی شیری)دا هەیە.
ئایا کونی ڕەش دەروازەیەکە بۆ شوێنێکی تر؟
هەندێک لە زاناکان و بیردۆزەکان باس لەوە دەکەن کە کونی ڕەش ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی (کونی کرم یان Wormhole)، ئەمەش واتە کونی ڕەش ڕەنگە تەنها گۆڕستان نەبێت، بەڵکو تونێلێک بێت بۆ گواستنەوە بۆ بەشێکی تری گەردوون یان گەردوونێکی تر، بەڵام ئەمە تا ئێستا تەنها وەک خەیاڵ و بیردۆز ماوەتەوە.
سەرچاوە پشتگیرەکان:
- ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکی (NASA):
- ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپی (ESA):
- بیردۆزی ڕێژەیی گشتی (General Relativity):
- گۆڕانی کات و فیزیا (Space.com):
