سەیرترین دابونەریتەکانی جیهان کە تا ئێستاش لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا ماون

١١ ئازاری ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

لە کۆنەوە دابونەریتە نامۆ و سەیرەکان تەنها بە ناوچە دوورەدەستەکان و هۆزە سەرەتاییەکانەوە بەستراونەتەوە، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە هەندێک لە پێشکەوتووترین وڵاتانی جیهان، تا ئێستاش پابەندن بە چەند نەریتێک کە بۆ کەسێکی دەرەکی زۆر سەیر و جێگەی سەر سوڕمانن.

1- ئەڵمانیا؛ شکاندنی قاپ و قاچاخ (Polterabend)
لە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا کە بە وردی و سیستەماتیکی دەناسرێت، نەریتێکی کۆن هەیە کە تێیدا شەوێک پێش ئاهەنگی هاوسەرگیری، هاوڕێ و خزمانی بووک و زاوا لەبەردەم ماڵەکانیاندا کۆدەبنەوە و دەست دەکەن بە شکاندنی قاپ و قاچاخی فەخفوری و سیرامیک، ئەڵمانییەکان باوەڕیان وایە ئەم دەنگە شەیتان و جنۆکە لە ژیانی نوێی هاوسەران دوور دەخاتەوە، دواتر پێویستە بووک و زاوا پێکەوە شوێنەکە پاک بکەنەوە وەک هێمایەک بۆ کاری بەکۆمەڵ لە داهاتوودا.

2- بەریتانیا؛ ڕاکردن بە شوێنی پەنیری خولاو (Cheese-Rolling)
ساڵانە لە ناوچەی گلوسترشایەری بەریتانیا، خەڵکێکی زۆر کۆدەبنەوە بۆ پێشبڕکێیەک کە تێیدا پارچە پەنیرێکی خولاو لەسەر گردێکی زۆر لێژ بەر دەدرێتەوە و خەڵکەکە بەدوایدا ڕادەکەن، ئەم گردە ئەوەندە لێژە کە زۆربەی بەشداربووان بە گڵاڵەوەرێ دێنە خوارەوە و زۆرجار تووشی پێکانی توند دەبن، ئەم نەریتە مێژووەکەی بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و سەرەڕای مەترسییەکانی، بەریتانییەکان دەستی لێ هەڵناگرن.

3- دانیمارک؛ دارچینی کردن بەسەر سەڵتەکاندا
ئەگەر لە دانیمارک بژیت و بگەیتە تەمەنی 25 ساڵی و هێشتا هاوسەرگیریت نەکردبێت، هاوڕێکانت لە ڕۆژی لەدایکبوونتدا دەتکەنە ئامانج، ئەوان تۆ دەبەستنەوە بە دارێک یان ستونێکەوە و بڕێکی زۆر دارچینی بەسەر هەموو جەستەتدا دەکەن، ئەگەر تا تەمەنی 30 ساڵیش هەر بە سەڵتی بمێنیتەوە، دارچینییەکە دەگۆڕێت بۆ بیبەری توند! ئەمە ڕێگەیەکی کۆمەڵایەتییە بۆ گاڵتەکردن و هاندانی گەنجان بۆ هاوسەرگیری.

4- ژاپۆن؛ گریانی منداڵەکان (Nakizumo)
ژاپۆن یەکێکە لە پێشەنگەکانی تەکنەلۆژیا، بەڵام فیستیڤاڵێکی هەیە کە تێیدا دوو زۆرانبازی سۆمۆ منداڵی بچووک هەڵدەگرن و هەوڵ دەدەن بیانگریێنن،ژاپۆنییەکان باوەڕیان وایە گریانێکی بەهێزی منداڵ دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی ڕۆحی شەڕانگێز و منداڵەکە بە تەندروستی گەورە دەبێت، هەر منداڵێک زووتر و بەدەنگی بەرزتر بگریێت، بە براوە دادەنرێت.

5- ئیسپانیا؛ بازدان بەسەر کۆرپەلەکاندا (El Colacho)
لە گوندێکی ئیسپانیا نەریتێکی سەیر هەیە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1620، تێیدا پیاوانێک کە جلی شەیتانیان پۆشیوە، باز دەدەن بەسەر ئەو کۆرپەلانەی کە لەسەر زەوی و لەسەر دۆشەک ڕیز کراون، ئەم کارە بۆ پاککردنەوەی منداڵەکانە لە گوناهی بنەڕەتی و پاراستنیان لە نەخۆشی.