تەنگەشەی پێکان بەرۆکی ڕیال مەدرید بەرنادات

٩ ئازاری ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

یانەی ڕیال مەدرید لە ئێستادا بە قۆناغێکی سەختدا تێپەڕ دەبێت، چونکە بەشێکی زۆر لە یاریزانە سەرەکییەکانی بەهۆی پێکانەوە دوورکەوتوونەتەوە, ئەم دۆخە بووەتە ئاڵانگاریەکی گەورە بۆ پلانە ته‌کتیکییەکانی یانەکە، بەتایبەت کە یارییە چارەنووس سازەکانی خولی ناوخۆیی و چامپیۆنزلیگ نزیک بوونەتەوە.

لیستی یاریزانە پێکراوەکان
یەکێک لە گەورەترین نیگەرانییەکانی مەدرید پێکانە سەختەکەی ڕۆدریگۆیە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم هێرشبەرە بەڕازیلییە تووشی پچڕانی بەستەرەکانی (ACL) بووە، ئەمەش واتە ڕەنگە بۆ تەواوی ئەم وەرزە نەگەڕێتەوە، لەدەستدانی ڕۆدریگۆ گورزێکی کوشندەیە بۆ هێڵی هێرشبەری یانەکە.

لەلایەکی دیکەوە، کیلیان ئێمباپێ بەدەست کێشەی ئەژنۆیەوە دەناڵێنێت کە وایکردووە بەشدارییەکانی سنووردار بن، خێرایی و توانای گۆڵکردنی ئێمباپێ مۆرکێکی تایبەتی هەیە و نەبوونی ئەو کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر هێزی هێرشبەری شاهانەکان دەبێت.

جود بێلینگهام، داینەمۆی هێڵی ناوەڕاست، بەهۆی کێشەی بەستەرەکانی پشت ئەژنۆوە لە لیستەکەدا نییە، بێلینگهام لە کاتی هاتنی بۆ مەدرید بڕبڕەی پشتی یانەکە بووە و بێ ئەو، مەدرید لە جڵەوگیرکردنی ناوەڕاستی یاریگا تووشی زەحمەتی دەبێت.

بارودۆخی هێڵی بەرگری و ناوەند
لە هێڵی بەرگریدا، هۆیسن و ئیدێر میلیتاو هەردووکیان بەدەست پێکانی ماسولکەییەوە دەناڵێن، ئەم دوو یاریزانە ئەزموون و سەرکردایەتییەکی زۆریان هەیە و ئامادە نەبوونیان وادەکات ستافی ڕاهێنەران پەنا بۆ یاریزانی لاو یان کەم ئەزموون ببەن، هەروەها دانی سیبایۆسیش لە قۆناغی چاکبوونەوەدایە و ڕەنگە تا چەند هەفتەیەکی تر نەگەڕێتەوە,هەر ئەمڕۆش ڕۆژنامە ئیسپانییەکان ڕایانگەیاند کارێراسیش تووشی پێکان بووە.

هەفتەکانی داهاتوو بۆ مەدرید یەکلاکەرەوە دەبن، ئەگەر یاریزانەکان زوو بگەڕێنەوە، یانەکە دەتوانێت هاوسەنگی ڕابگرێتەوە، بەڵام ئەگەر قەیرانەکە بەردەوام بێت، فشارەکان لەسەر یانەکە لە هەموو خولەکاندا دوو هێندە دەبن، ئێستا پرسیاری سەرەکی هاندەرانی ڕیاڵ مەدرید ئەوەیە: ئایا مەدرید دەتوانێت بەبێ ئەستێرە گەورەکانی وەک ئێمباپێ و بێلینگهام لە لوتکەدا بمێنێتەوە؟