وەزارەتی دارایی: پارەی مووچەی مانگی دوو کورتهێنانی هەیە

٩ ئازاری ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

وەزارەتی دارایی رایگەیاند، دوایین گوژمەی تەمویلی مووچەی مانگی شوبات خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی.

وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە بڕی (295) ملیار و (405) ملیۆن دینار وەک دوایین گوژمەی تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

ئاشکراشیکرد، هەر ئەمڕۆ دوای تەواوکردنی رێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، خشتەی مووچە رادەگەیەنرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ئەم مانگەش وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بڕی (16،107،881،000) شانزە ملیارو سەدو حەوت ملیۆن و هەشت سەدو هەشتاو یەک هەزار دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی شوبات نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی رابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.

راشیگەیاند، بڕی ئەو (36،360،864،000) دینارەشی خەرج نەکردووە کە مانگی رابردوو لە تەمولی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵی بڕیبوو کە شایستەی ساڵی رابردووی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی و کەمئەندامانی سەنگەر بوو، سەرەڕای ئەوەی لەڕێی نوسراوی فەرمی و ناردنی تیمی تەکنیکیەوە روونکردنەوەی پێویستیشیان پێدابوون و داوای خەرجکردنی ئەو شایستەیەیان کردبوو.