٨ ئازاری ٢٠٢٦
ساڵانە لە هەموو جیهاندا ڕۆژی 8ـی مارس وەک ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان بەرز ڕادەگیرێت، ئەم ڕۆژە تەنها بۆنەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو هێمایەکە بۆ مێژوویەکی دوورودێژ لە تێکۆشانی ئافرەتان بۆ بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکانیان، وەک مافی دەنگدان، کارکردن، و یەکسانی لە دەرفەتەکاندا.
مێژووی سەرهەڵدانی ئەم ڕۆژە:
سەرەتای ئەم جوڵانەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، کاتێک لە ساڵی 1908دا هەزاران ئافرەت لە شەقامەکانی شاری نیویۆرک ڕێپێوانیان کرد بۆ داواکردنی کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کار و باشترکردنی مووچە و مافی دەنگدان, دواتر لە ساڵی 1910دا، لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا پێشنیار کرا کە ڕۆژێک دیاری بکرێت بۆ ڕێزگرتن لە خەباتی ئافرەتان، و لە ساڵی 1975دا نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی ئەم ڕۆژەی ناساند.
ڕۆڵی ئافرەت لە گۆڕانکارییەکاندا:
مێژوو سەلماندوویەتی کە کاتێک دەرفەتی یەکسان بۆ ئافرەتان دەڕەخسێنرێت، نەک تەنها ژیانی خۆیان، بەڵکو ئابووری و کەلتووری وڵاتەکانیشیان بەرەو پێش دەبەن, ئافرەت وەک نیوەی کۆمەڵگە، بزوێنەری سەرەکی پەروەردە و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانە.
دروشم و ئامانجەکانی ساڵی 2026:
هەموو ساڵێک نەتەوە یەکگرتووەکان دروشمێکی تایبەت بۆ ئەم ڕۆژە دیاری دەکات,ئامانجی سەرەکی ئەمساڵ جەختکردنەوەیە لەسەر وەبەرهێنان لە تواناکانی ئافرەتان و خێراکردنی هەنگاوەکان بەرەو یەکسانی, ئەمە پەیامێکە بۆ حکومەت و ڕێکخراوەکان کە گەشەپێدانی کۆمەڵگە بەبێ بەشدارییەکی کارای ئافرەتان مەحاڵە.
ئافرەتی کورد؛ مێژوویەکی پڕ لە قوربانی و پێشەنگایەتی لە گۆڕانکارییەکاندا
لە مێژووی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئافرەتی کورد هەمیشە وەک سیمبولی خۆڕاگری و ئازایەتی ناسراوە،جیاواز لە زۆرێک لە کەلتوورەکانی دیکە، ژنی کورد تەنها لە چوارچێوەی ماڵدا نەمایەوە، بەڵکو لە سەنگەرەکانی بەرگری، ناوەندەکانی بڕیار و کایە ئەدەبییەکاندا ڕۆڵی سەرەکی گێڕاوە.
ژنی کورد و پێگەی کۆمەڵایەتی لە مێژوودا:
گەشتیارانی بیانی کە لە سەدەکانی ڕابردوودا هاتوونەتە کوردستان، لە یاداشتەکانیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئافرەتی کورد بەراورد بە نەتەوەکانی دراوسێ، خاوەن ئازادی و سەربەخۆیی زیاتر بووە، مێژوو ناوی چەندین ژنی وەک حەپسەخانی نەقیب و عادیلە خانممان بۆ دەگێڕێتەوە کە نەک تەنها لە بەڕێوەبردنی کاروباری خێزانی، بەڵکو لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و بەڕێوەبردنی ناوچەکانیاندا وەک سەرکردە دەرکەوتوون.
پێشەنگایەتی لە بزوێنەری ڕۆشنبیری و ئەدەبیدا:
ئافرەتی کورد لە بواری شیعر و ئەدەبیشدا خاوەن دەنگێکی تایبەت بووە، مەستوورەی ئەردەڵان وەک یەکەم مێژوونووسی ژن لە ناوچەکەدا، نموونەیەکی باڵای ئەو هۆشیاری و زانستەیە کە ژنی کورد هەیبووە، ئەم کاروانە تا ئێستاش بەردەوامە و ئێستا ئافرەتانی کورد لە ناوەندە زانستییەکانی جیهان و لە بواری نووسین و ڕۆژنامەگەریدا خاوەن پێگەیەکی نێودەوڵەتین.
خۆڕاگری لە بەردەم قەیرانەکاندا:
لە مێژووی نوێی کوردستاندا، ئافرەتان گەورەترین قوربانی و لە هەمان کاتدا گەورەترین پاڵەوانی ناو کارەساتەکان بوون، لە شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیاباران و کۆچی ملیۆنی، ژنی کورد بووە پارێزەری خێزان و زمان و شوناسی نەتەوەیی، دواتریش لە شەڕی دژی تیرۆر، ئازایەتی کچانی کورد بووە جێگەی سەرسامی جیهان و وێنەی ژنی کوردی وەک جەنگاوەرێکی ئازا لە میدیا جیهانییەکاندا نەخشاند.
.jpg&w=3840&q=75)