"هەسارە سوورەکە" دەبێتە وێستگەی داهاتووی مرۆڤایەتی

٤ ئازاری ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

بۆ چەندین نەوە، بیرۆکەی نیشتەجێبوون لەسەر هەسارەیەکی دیکە تەنها لە ناو فیلمە خەیاڵییەکاندا بوونی هەبوو، بەڵام ئێستا لە ساڵی 2026، گەشتکردن بۆ مەریخ چیتر تەنها خەون نییە، بەڵکو بووەتە پلانێکی زانستی و ستراتیژی کە ئاژانسە گەورەکانی وەک ناسا و کۆمپانیا تایبەتەکانی وەک سپەیس ئێکس کاری لەسەر دەکەن.

بۆچی مەریخ؟
مەریخ نزیکترین هەسارەیە لە زەوییەوە کە مرۆڤ بتوانێت ئەگەری ژیانی تێدا تاقیبکاتەوە، هەرچەندە کەشوهەواکەی زۆر ساردە و ئۆکسجینی تێدا نییە، بەڵام بوونی سەرچاوەی ئاوی بەستوو لەژێر خاکەکەیدا و هەبوونی وەرزەکانی ساڵ وەک وەرزەکانی هەسارەی زەوی، وایکردووە ببێتە ئامانجی یەکەمی زاناکان بۆ دروستکردنی بنکەی مرۆیی.

هەنگاوە کردارییەکان و تاقیکردنەوەکان
لەم ساڵانەی دواییدا،پاش ناردنی ڕۆبۆتە پێشکەوتووەکان بۆ سەر ڕووی مەریخ،ڕۆبۆتەکان زانیاری زۆر وردیان دەربارەی خاک و کەشوهەوای هەسارەکە بۆ ناردووینەتەوە، تاقیکردنەوەی موشەکە گەورەکان کە توانای هەڵگرتنی بارستایی زۆریان هەیە و دەتوانن دووبارە بنیشنەوە ئەمەش تێچووی گەشتە ئاسمانییەکانی دەرەوەی زەوییان زۆر کەمکردووەتەوە، بەجۆرێک وایکردووە باس لەوە بکرێت کە یەکەم گەشتی مرۆڤ بۆ سەر مەریخ لە دەیەی داهاتوودا ئەنجام بدرێت.

بەرەنگاربوونەوە و مەترسییەکان
سەرەڕای پێشکەوتنەکان، هێشتا چەندین بەربەستی گەورە لەبەردەم مرۆڤایەتیدا ماون:
1- ماوەی گەشتەکە: بەپێی پێشبینییەکان گەشتکردن بۆ مەریخ نزیکەی 7 بۆ 9 مانگ دەخایەنێت، ئەمەش مانای وایە کەشتیوانەکان دەبێت بۆ ماوەیەکی درێژ لە ناو ژینگەیەکی بچووکدا بمێننەوە.
2- تیشکدانەوە گەردوونییەکان: پاراستنی جەستەی مرۆڤ لەو تیشکە مەترسیدارانەی لە بۆشایی ئاسماندان یەکێکە لە گەورەترین کێشە تەکنیکییەکان.
3- ژیان لەسەر مەریخ: بەرهەمهێنانی ئۆکسجین و چاندنی خۆراک لە ناو خاکێکدا کە ماددەی ژەهراوی تێدایە، پێویستی بە تەکنەلۆژیایەکی زۆر ئاڵۆز هەیە کە ئێستا لە قۆناغی تاقیکردنەوەدایە.

کەی پلانی چوون بۆ هەسارەی مەریخ جێبەچی دەکرێت؟
پلانەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ساڵانی نێوان 2030 بۆ 2040 دەبێتە کاتی یەکەم نیشتنەوەی مرۆڤ لەسەر هەسارەی مەریخ، پێش ئەوە ناسا و هاوبەشەکانی پلانیان هەیە بنکەیەک لەسەر مانگ دروست بکەن وەک وێستگەیەکی ناوەندی بۆ مەشقکردن و بەڕێکەوتن بەرەو هەسارە سوورەکە.

زاناکان دەڵێن: "گەشتکردن بۆ هەسارەی مەریخ تەنها گەشتێکی ئاسایی نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەی ویستی مرۆڤە بۆ مانەوە و فراوانبوون، هەرچەندە هێشتا ڕێگەیەکی دوورمان لەپێشە، بەڵام مرۆڤایەتی لە هەموو کاتێک زیاتر لەو ساتە نزیکبووەتەوە کە تێیدا یەکەم مرۆڤ پێ بخاتە سەر خاکی هەسارەیەکی تر و مێژوویەکی نوێ بنووسێتەوە."