مرۆڤ دوو مێشکی هەیە

٤ ئازاری ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

بۆ ماوەیەکی زۆر زاناکان پێیان وابوو کە مێشک تاکە فەرماندەی جەستەیە و کۆئەندامی هەرس تەنها ئەرکی هەرسکردنی خۆراکی لە ئەستۆدایە، بەڵام توێژینەوەیەکی زانستی نوێ کە لە گۆڤارە جیهانییەکانی وەک Nature Communications و Journal of Clinical Medicine بڵاوکراوەتەوە لەژێر ناونیشانی (The Microbiome-Gut-Brain Axis)، پەردەی لەسەر ڕاستییەکی سەرسوڕهێنەر لاداوە کە دەڵێت: "ڕیخۆڵە وەک مێشکی دووەمی مرۆڤ کار دەکات".

پەیوەندی نێوان ڕیخۆڵە و مێشک
ئەم چەمکە پزیشکییە ئاماژە بەو پەیوەندییە بەردەوام و دوو لایەنەیە دەکات کە لە ڕێگەی دەمارەکان و هۆرمۆنەکانەوە لە نێوان مێشک و کۆئەندامی هەرسدا هەیە، توێژینەوەکە دەریخستووە کە ملیۆنان دەمارەخانە لە ناو دیواری ڕیخۆڵەدا هەن کە ڕاستەوخۆ زانیاری بۆ مێشک دەنێرن، یەکێک لە دۆزینەوە هەرە گرنگەکان ئەوەیە کە نزیکەی 95%ـی هۆرمۆنی سێرۆتۆنین، کە بەرپرسە لە هەستی دڵخۆشی و جێگیری باری دەروونی، لە ناو ڕیخۆڵەدا بەرهەم دێت نەک لە مێشکدا.

دەرئەنجامە سەرەکییەکانی ئەم توێژینەوەیە:

1-هاوسەنگی بەکتریا و خەمۆکی: دەرکەوتووە ئەو کەسانەی جۆرێکی دیاریکراو لە بەکتریای سوودبەخشیان لە ناو کۆئەندامی هەرسدا کەمە، زیاتر ڕووبەڕووی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی دەبنەوە، ئەمە دەری دەخات کە هەندێکجار کێشە دەروونییەکان سەرچاوەکەیان لە ناو گەدە و ڕیخۆڵەدایە.

2-پاراستنی مێشک لە پیربوون: توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە پاراستنی تەندروستی ڕیخۆڵە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هەوکردنەکان لە ناو مێشکدا، ئەمەش مرۆڤ لە نەخۆشییەکانی وەک ئەلزهایمەر و لەبیرچوونەوە دەپارێزێت.

3- کاریگەری شەکر و خۆراکی دەستکرد: خواردنی شەکری زۆر و ماددە پارێزەرەکان دەبێتە هۆی تێکدانی هاوسەنگی بایۆلۆژی ڕیخۆڵە، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری نەرێنی لەسەر توانای تەرکیز و فێربوون دروست دەکات.

4-پەیوەندی بە کێشی جەستەوە: توێژینەوە نوێیەکە ئاماژە بەوە دەکات کە تێکچوونی هاوسەنگی ئەم بەکتریایانە دەبێتە هۆی ئەوەی مێشک هەمیشە هەستی برسیبوونی بۆ بنێردرێت، تەنانەت ئەگەر جەستە پێویستیشی بە خواردن نەبێت, ئەمە ڕوونکردنەوەیەکی زانستییە بۆ ئەوەی بۆچی هەندێک کەس بە سەختی کێشیان دادەبەزێنن.

5- کاریگەری لەسەر خەوتن: کەمخەوی دەبێتە هۆی کوشتن و تێکچوونی ئەو بەکتریا سوودبەخشانەی کە لە ناو ڕیخۆڵە دەژین، کاتێک بەکتریاکان تێکدەچن، مێشک تووشی بارودۆخی تەمومژاوی (Brain Fog) دەبێت و توانای بڕیاردانی کەم دەبێتەوە.

ئەم توێژینەوەیە دەرگای نوێی کردووەتەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پزیشکانی دەروونی لە جیاتی دەرمانی کیمیایی، جۆرەها خۆراکی دەوڵەمەند بە پرۆبایۆتیک وەک چارەسەری سەرەکی بۆ نەخۆشەکانیان بەکاربهێنن.