٤ ئازاری ٢٠٢٦
میشێل دی نۆسترادامۆس، ئەو پزیشک و فەلەکناسە فەرەنسییەی کە لە سەدەی شانزدەهەمدا دەژیا، تا ئەمڕۆش ناوی وەک یەکێک لە گەورەترین پێشبینیکارەکانی مێژوو ماوەتەوە، کتێبەکەی کە بەناوی (پێشبینییەکان) کە لە ساڵی 1555 بڵاوکرایەوە، کۆمەڵێک چوارینەی هۆندراوەی تەمومژاوی لەخۆدەگرێت کە زۆرێک پێیان وایە ڕووداوە گەورەکانی جیهانی وەک شۆڕشی فەرەنسا، سەرهەڵدانی هیتلەر، و هێرشەکانی 11ـی سێپتەمبەری تێدا نووسراوەتەوە.
بۆ ساڵی2026، ئەو کەسانەی کار لە لێکدانەوەی هۆندراوەکانی نۆسترادامۆس دەکەن تیشک دەخەنە سەر چەند خاڵێکی هەستیار کە لەگەڵ بارودۆخی ئێستای جیهاندا یەکدەگرنەوە لەوانەش:
1-جەنگی دەریایی و گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵات
نۆسترادامۆس لە یەکێک لە چوارینەکانیدا باس لە ڕکابەرییەکی سوور دەکات کە لە دەریادا ڕوودەدات, ئەو کەسانەی لێکدانەوە بۆ هۆندراوەکانی دەکەن پێیان وایە ئەمە ئاماژەیە بۆ هەڵکشانی گرژییە سەربازییەکانی نێوان چین و ئەمریکا لە دەریادا، یاخود مەترسی لەسەر ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان کە دەبێتە هۆی قەیرانێکی گەورەی ئابووری لە جیهاندا.
2-گۆڕانکاری لە دەسەلاتی بەریتانیا
یەکێک لە پێشبینییە هەرە مشتومڕاوییەکان باس لە پاشایەک دەکات کە بە زۆر دەردەکرێت و کەسێک جێگەی دەگرێتەوە کە نیشانەی پاشایەتی پێوە نییە، ئەمە وەک ئاماژەیەک بۆ ناسەقامگیری لە خێزانی شاهانەی بەریتانیا و ئەگەری گۆڕانکاری لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدا لە ساڵی 2026دا لێک دەدرێتەوە.
3-تۆڵەی سروشت و کارەساتی ژینگەیی
نۆسترادامۆس باس لەوە دەکات کە زەوی بۆ ماوەیەکی زۆر وشک دەبێت، پاشان لافاوی گەورە ڕوودەدات لە ساڵی 2026دا، ئەمە وەک هۆشدارییەک دەبینرێت بۆ گۆڕانی کوشندەی کەشوهەوا و وشکەساڵییەک کە کار دەکاتە سەر ئاسایشی خۆراک، یان بوومەلەرزە و لافاوی وێرانکەر لە ناوچە کەنارییەکاندا.
4-سەرهەڵدانی پاشایەکی نوێ لە جیهانی تەکنەلۆژیادا
هەرچەندە نۆسترادامۆس وشەی زیرەکی دەستکردی بەکارنەهێناوە، بەڵام باس لە ئامێرەکان دەکات کە دەبنە جێگرەوەی مرۆڤ, زۆرێک پێیان وایە ساڵی 2026 ئەو ساڵەیە کە زیرەکی دەستکرد کۆنترۆڵی جومگە سەرەکییەکانی بڕیاردان لە جیهاندا دەگرێتە دەست و گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ژیانی مرۆڤایەتیدا دروست دەکات.
زانایان و مێژوونووسان هەمیشە دەڵێن نووسینەکانی نۆسترادامۆس ئەوەندە گشتگیر و تەمومژاوین، کە دەکرێت بۆ هەر سەردەم و ڕووداوێک بگونجێندرێن, ئەوەی لایەنگرانی ئەم پێشبینییانە دەیڵێن ئەوەیە کە نۆسترادامۆس نەیویستووە ڕاستەوخۆ بدوێت تا تووشی کێشە نەبێت لەگەڵ دەسەڵاتی ئایینی لەو سەردەمەدا.
