گەڕانەوەی "کرەیتۆس"گەورەترین پڕۆژەی مێژووی ئەمەزۆن و پلەیستەیشن

٣ ئازاری ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

سەکۆی ستریمینگی ئەمەزۆن پڕایم بە هاوکاری ستۆدیۆکانی پلەیستەیشن، یەکەم تایلەری فەرمی زنجیرەی (God Of War)یان بڵاوکردەوە، کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم ساڵدا نمایش بکرێت، ئەم زنجیرەیە کە لەسەر بنەمای یارییە ڤیدیۆییە بەناوبانگەکە بەرهەم هێندراوە، لە ئێستاوە بووەتە باسی گەرمی میدیاکانی هۆڵیود و هەوادارانی سینەما.


بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، زنجیرەکە باس لە قۆناغی ژیانی کرەیتۆس دەکات لەناو ئەفسانە نۆرسەکاندا، و تیشک دەخاتە سەر پەیوەندییە ئاڵۆزەکەی لەگەڵ کوڕەکەی(ئەتریۆس)، ئەوەی جێگەی سەرنجی ڕەخنەگرانی هونەرییە، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیایەکی نوێی وێنەگرتنە کە هاوشێوەی یارییەکە، هەستی یەک گرتە بە بینەر دەبەخشێت، ئەمەش وەک داهێنانێکی نوێ لە جیهانی زنجیرە تەلەفزیۆنییەکاندا دەبینرێت.

هەڵبژاردنی ئەکتەری سەرەکی بۆ ڕۆڵی کرەیتۆس، یەکێک بوو لە قورسترین بڕیارەکانی هۆڵیود، کە دواجار ئەکتەرێکی خاوەن ئەزموون کە توانایەکی جەستەیی و دەنگیی قووڵی هەیە بۆ بەرجەستەکردنی ئەو کارەکتەرە ئەفسانەییە دەستنیشان کرا، دەرهێنەری زنجیرەکە لە لێدوانێکدا گووتی "ئێمە نامانەوێت تەنها یارییەکە دووبارە بکەینەوە، بەڵکو دەمانەوێت قووڵاییەکی مرۆیی و دەروونی زیاتر بە چیرۆکی ئەو باوک و کوڕە بدەین لە جیهانێکی پڕ لە خوداوەند و دێوەزمەدان".

بودجەی تەرخانکراو بۆ ئەم پڕۆژەیە بە یەکێک لە گەورەترین بودجەکان لە مێژووی زنجیرە دراماکاندا دادەنرێت، کە تەنها بۆ دروستکردنی جیهانە ئەفسانەییەکان و کاریگەرییە بینراوەکان، زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار خەرج کراوە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە هۆڵیود لە ئێستادا گرنگییەکی زۆر بە چیرۆکی یارییە ڤیدیۆییەکان دەدات و وەک سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی هونەری سەیریان دەکات.

هەوادارانی (God Of War) لە سەرانسەری جیهاندا بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ساتەوەختی پەخشکردنی یەکەم ئەڵقە دەکەن، چونکە ئەم بەرهەمە دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی گەورە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا سینەما دەتوانێت هەمان ئەو هەست و جۆش و خرۆشە بگوازێتەوە کە یاریزانەکان لە کاتی یارییەکەدا هەستی پێ دەکەن.