"بەرگری دژە بەکتریا"دوژمنە نوێیەکەی مرۆڤایەتی

٣ ئازاری ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

دژەبەکتریاکان یەکێک بوون لە گەورەترین دۆزینەوە پزیشکییەکانی سەدەی بیستەم، کە توانییان ملیۆنان مرۆڤ لە مردن ڕزگار بکەن، بەڵام ئەمڕۆ، بەهۆی بەکارهێنانی هەڵە و هەڕەمەکی، جیهان ڕووبەڕووی قەیرانێکی پزیشکی نوێ بووەتەوە بە ناوی "بەرگری دژە بەکتریا".

بەرگری دەژە بەکتریا یان (Antibiotic Resistance) یەکێکە لە مەترسیدارترین ئاڵێنگارییە پزیشکییەکانی سەدەی بیست و یەک، کە زۆرجار بە "پەتای بێدەنگ" ناودەبرێت، لێرەدا بە وردی باس لە میکانیزمی ئەم دیاردەیە دەکەین:

بەرگری بەکتریا چییە؟
ئەمە بەو واتایە نایەت کە جەستەی مرۆڤ بەرگری دژی دەرمانەکە پەیدا کردووە، بەڵکو خودی "بەکتریاکە" گۆڕانکاری لە پێکهاتەی جیناتی خۆیدا دەکات، بەمەش ئەو دەرمانانەی کە پێشتر بەکتریاکەیان دەکوشت، چیتر کارای نابن و بەکتریاکە بەردەوام دەبێت لە گەشەکردن.

بەکتریاکان چۆن بەرگری پەیدا دەکەن؟
بەکتریاکان بوونەوەرێکی زۆر زیرەکن و بە چەند ڕێگەیەک بەرەنگاری دەرمان دەبنەوە:
-بەربەستی بایۆلۆژی: بەکتریاکە دیوارێکی ئەستورتر لە دەوری خۆی دروست دەکات تا دەرمانەکە نەچێتە ناوەوەی.
-پەمپی دەرکردن: بەکتریاکە پەمپێکی بچووک لە ناو خانەکەیدا دروست دەکات، هەر کە دەرمانەکە چووە ناوەوە، خێرا فڕێی دەداتە دەرەوە.
-گۆڕینی ئەنزیمەکان: بەکتریاکە ئەنزیمێک بەرهەم دەهێنێت کە پێکهاتەی کیمیایی دەرمانەکە تێکدەشکێنێت و بێکاریگەری دەکات.

هۆکارە سەرەکییەکانی پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە

دژەبەکتریا تەنها بۆ بەکتریایە، نەک ڤایرۆس!
یەکێک لە گەورەترین هەڵە پزیشکییە باوەکان ئەوەیە کە خەڵک بۆ چارەسەری ئەنفلوەنزا، سەرمابوون، یان کۆکەی ئاسایی پەنا بۆ دژەبەکتریا (وەک ئەمۆکسیسلین یان ئۆگمێنتین) دەبەن، ئەنفلوەنزا و سەرمابوون نەخۆشیی "ڤایرۆسین"، پزیشکەکان دەڵێن دژەبەکتریاکان هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ڤایرۆس نییە، بەکارهێنانیان لەم کاتەدا تەنها زیان بە کۆئەندامی بەرگری دەگەیەنێت.

مەترسییەکانی "بەرگری بەکتریا" (Antibiotic Resistance)
کاتێک بەبێ پێویستی دەرمان دەخۆیت، یان کاتێک پزیشک بۆت دەنووسێت و تۆ نیوەی دەرمانەکە دەخۆیت و دەوەستیت، بەکتریاکان فێری شێوازی بەرگری دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی:
-دروستبوونی "سوپەر بەکتریا" کە بە هیچ دەرمانێک لەناو ناچێت.
-نەخۆشییە سادەکان (وەک هەوکردنی میزەڵدان یان قوڕگ) دەبنە هۆی مردن چونکە دەرمانەکان کاریان تێناکەن.
-شکستهێنانی نەشتەرگەرییە گەورەکان و چاندنی ئەندامەکان بەهۆی نەبوونی دەرمانی کاریگەر بۆ ڕێگری لە هەوکردن.

ئامۆژگاری پزیشکییەکان بۆ بەکارهێنانی دژە بەکتریاکان بەشێوەیەکی دروست
بۆ ئەوەی خۆت و کۆمەڵگە بپارێزیت، ئەم سێ خاڵە جێبەجێ بکە:
1-هەرگیز بەبێ ڕەچەتەی پزیشک دژەبەکتریا مەخۆ: دەرمانساز یان هاوڕێکانت ناتوانن جۆری هەوکردنەکەت دیاری بکەن.
2-خولی دەرمانەکە تەواو بکە: تەنانەت ئەگەر دوای دوو ڕۆژ هەستت بە باشی کرد، دەبێت هەموو دەرمانەکە تەواو بکەیت بۆ ئەوەی دڵنیابیت هەموو بەکتریاکان لەناوچوون.
3-داوای دژەبەکتریا لە پزیشک مەکە: پزیشکەکە چاکتر دەزانێت ئایا نەخۆشییەکەت بەکتریایە یان ڤایرۆسی.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) هۆشداری دەدات کە ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بین، تا ساڵی 2050 ساڵانە 10 ملیۆن کەس بەهۆی بەرگری بەکتریاوە گیان لەدەست دەدەن، کە ئەمەش زیاترە لە ژمارەی مردن بە شێرپەنجە.