٢ ئازاری ٢٠٢٦
وەزیری جەنگی ئەمریکا دەڵێت، ئامانجیان لەم جەنگەدا لەناوبردنی تەواوی تواناکانی ئێرانە و جەختیش دەکاتەوە کە رێگە نادەن تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ئەمڕۆ دووشەممە، پیت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی، تاران لە رابردوودا مەبەستی دانوستان نەبووە، بەڵکو تەنیا کاتی کوشتووە بۆ ئەوەی پەرە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات.
وتیشی، ئێران سەرقاڵی دروستکردنی موشەک و درۆنی بەهێز بووە تەنیا بۆ ئەوەی پارێزگاری لە پەرەپێدانی چەکە ئەتۆمییەکانی بکات.
لەبارەی قەبارەی هێرشەکانیشەوە، وەزیری جەنگ روونیکردەوە، هێرشی زۆر کوشندەیان لە ناوخۆی ئێران ئەنجامداوە و بۆ هیچ یەکێک لەو هێرشانەش داوای لێبوردن ناکەن.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ئامانجی سەرەکیی وڵاتەکەی لەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەدا ئاشکراکرد و ئەوەی خستەڕوو، بەشێکی زۆری هێزی دەریایی و توانای موشەکیی ئێرانیان لە ناوبردووە.
