١ ئازاری ٢٠٢٦
لەم ساڵانەی دواییدا، تۆپی پێ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەخۆوە بینیوە، ئەگەر جاران تەنها لێهاتوویی یاریزان و تاکتیکی ڕاهێنەر بڕیاردەر بووایە، ئێستا تەکنەلۆژیا و داتا بوونەتە بزوێنەری سەرەکی سەرکەوتن.
یانە گەورەکان وەک (لیڤەرپوول و مانچستەر سیتی) چیتر تەنها بە چاو سەیری یاریزانەکان ناکەن، ئەوان سوود لە زیرەکی دەستکرد وەردەگرن بۆ دۆزینەوەی ئەو یاریزانانەی کە لەگەڵ شێوازی یاری یانەکانیان دەگونجێن، AI دەتوانێت پێشبینی بکات کە ئایا یاریزانێک لە خولێکی جیاوازدا سەرکەوتوو دەبێت یاخود نا، ئەمەش مەترسی بەهەدەردانی ملیۆنان دۆلار کەمدەکاتەوە.
یانە مامناوەندەکانی وەک برایتۆن و برێنتفۆرد لە ئینگلتەرا، بوونەتە نموونەی باڵا لە بەکارهێنانی AI، ئەوان یاریزانێک بە 2 ملیۆن پاوەند دەدۆزنەوە کە هیچ کەس ناوی نەبیستووە، دوای دوو ساڵ بە 100 ملیۆن پاوەند دەیفرۆشنەوە، ژیری دەستکرد شیکردنەوە بۆ هەزاران کاتژمێر ڤیدیۆ و ملیۆنان داتا دەکات بۆ دۆزینەوەی یاریزانێک کە تایبەتمەندییەکانی لەگەڵ شێوازی یانەکە دەگونجێت، پێش ئەوەی یانە گەورەکان پێی بزانن.
پێشبینیکردنی گونجاندن
یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی تۆپی پێ ئەوەیە یاریزانێک لە ئەڵمانیا گۆڵکارە، بەڵام کە دێتە ئینگلتەرا شکست دەهێنێت، زیرەکی دەستکرد دەتوانێت هاوشێوەسازی (Simulation) بکات: "ئەگەر ئەم یاریزانە لە خولێکی خێراتر و بەرگرییەکی بەهێزتردا یاری بکات، ئاستی چۆن دەبێت؟". ئەمە وادەکات یانەکان پارەکانیان بە فیڕۆ نەدەن.
کەمکردنەوەی مەترسی پێکان
لە کاتی گواستنەوەدا، AI سەیری مێژووی پزیشکی و جەستەیی یاریزانەکە دەکات، دەتوانێت پێشبینی بکات کە ئایا ئەم یاریزانە لە داهاتوودا ئەگەری تووشبوونی بە پێکانی درێژخایەن چەندە؟ ئەمەش کار دەکاتە سەر نرخی یاریزانەکە لە بازاڕدا.
دیاریکردنی نرخی ڕاستەقینە
زۆرجار یانەکان پارەیەکی زۆر زیادە (Overpriced) دەدەن بە یاریزانێک تەنها لەبەر ناوبانگەکەی، زیرەکی دەستکرد بەبێ لایەنگیری و تەنها بەپێی ئاستی ناو یاریگا، تەمەن، و ماوەی گرێبەستەکەی، نرخێکی دادپەروەرانە بۆ یاریزانەکە دیاری دەکات.
