ئەزموونی "دێژا ڤو" لە نێوان زانست و تیۆرییەکاندا

٢٦ شوباتی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

دیاردەی "دێژا ڤو" (Déjà Vu) یەکێکە لە سەیرترین و باوترین ئەزموونە دەروونییەکان کە مرۆڤ تێیدا تێدەپەڕێت.

وشەکە فەڕەنسییە و بە واتای "پێشتر بینراوە" دێت، کاتێک ئەم هەستەت بۆ دێت، وا دەزانیت ئەم ساتە، ئەم شوێنە، یان ئەم گفتوگۆیەی ئێستا دەیکەیت، دەقاودەق پێشتر ڕوویداوە.

نزیکەی "70٪"ـی مرۆڤەکان لانی کەم جارێک لە ژیانیاندا تووشی ئەم دیاردەیە بوون، هەرچەندە چەند چرکەیەکی کەم دەخایەنێت، بەڵام هەستێکی تەمومژاوی و سەیر لە دوای خۆی جێدەهێڵێت.

زاناکان و فەیلەسوفەکان چەندین لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ کردووە :

1-لێکدانەوەی زانستی: "هەڵەی گەیاندن لە مێشکدا"

زۆربەی پزیشکانی دەمار پێیان وایە "دێژا ڤو" پەیوەندی بە شێوازی کارکردنی یادەوەرییەوە هەیە، مێشک زانیارییەکان بە دوو ڕێگە تۆمار دەکات ئەوانیش: یادەوەری کورتخایەن و یادەوەری درێژخایەن, هەندێک جار بەهۆی تێکچوونێکی کاتیی لە نێوان چاو و مێشکدا، زانیارییەکان پێش ئەوەی بچنە بەشی "ئێستا"، دەچنە بەشی "یادەوەری کۆن"، بۆیە کاتێک مێشک دەیەوێت لێکیان بداتەوە، وا هەست دەکات ئەمە یادەوەرییەکی کۆنە نەک ڕووداوێکی نوێ.


2-کێشەی "هاوکاتی" (Split-Perception Theory)

ئەم تیۆرییە دەڵێت کاتێک مێشک زانیارییەک لە چاوەکانەوە وەردەگرێت، هەندێک جار بە دوو ڕێگەی جیاواز دەینێرێت بۆ ناوەندی شیکردنەوە.

ئەگەر یەکێک لە ئاماژەکان تەنها چەند میلی چرکەیەک دوا بکەوێت، مێشک وا هەست دەکات ئاماژەی دووەم (کە گەیشتووە) یادەوەرییەکی کۆنە و ئاماژەی یەکەمیش "ئێستا"یە.

ئەمە وەک ئەوە وایە سەیری فیلمێک بکەیت و دەنگ و ڕەنگەکەی یەک چرکە جیاوازییان هەبێت، بەواتایەکی دیکە تۆ هەست بە ناڕێکییەکە دەکەیت بەڵام ناتوانیت بە وردی دەستنیشانی بکەیت.

3-ڕۆڵی "هیپۆکامپەس" (The Hippocampus Role)

بەشی Hippocampus لە مێشکدا بەرپرسە لە جیاکردنەوەی یادەوەرییە نوێیەکان لە کۆنەکان.

زاناکان دەڵێن "دێژا ڤو" ڕوودەدات کاتێک ئەم بەشەی مێشک تووشی جۆرە "پریشکێکی کارەبایی" کاتی دەبێت (بێ ئەوەی گەشکە بێت).

لەم بارودۆخەدا، مێشک سیستەمی "ناسراوێتی" (Familiarity) کارا دەکات بەبێ ئەوەی سیستەمی "وەبیرهێنانەوەی ورد" (Recollection) کارا بێت، ئەنجامەکە ئەوەیە کە تۆ هەست دەکەیت شوێنەکە دەناسیت، بەڵام هیچ یادەوەرییەکی ڕاستەقینەت نییە کە کەی و چۆن لێرە بوویت.


4-تیۆری "دیمەنی هاوشێوە"

مێشکی ئێمە زۆر زیرەکە لە پۆلێنکردنی هەمووشتێکدا، ئەگەر تۆ بچیتە ژوورێکەوە کە دیمەن و ڕەنگەکانی هاوشێوەی ژوورێکی دیکە بێت کە لە منداڵیدا لێی بوویت (بەڵام بیرت نەماوە)، مێشک پەیوەندییەک لە نێوانیاندا دروست دەکات، تۆ ڕەنگە ئەو ژوورە کۆنەت بیر نەکەوێتەوە، بەڵام مێشکت پێت دەڵێت: "من پێشتر لێرە بووم!".

5-جیهانە تەریبەکان (Physics Perspective)

هەندێک لە زاناکانی فیزیای کوانتەم، وەک "میچیۆ کاکۆ"، ئاماژە بە ئەگەرێکی سەرنجڕاکێش دەکەن، ئەوان دەڵێن ڕەنگە "دێژا ڤو" پەیوەندی بە جیهانە تەریبەکانەوە هەبێت، واتە لە جیهانێکی دیکەدا کە "تۆ"ـیەکی دیکە بوونی هەیە، هەمان ئەو کارەی ئەنجام داوە و لەم ساتەدا هەردوو جیهانەکە لەرەلەرەکانیان یەکیان گرتووەتەوە.

6-خەونە لەبیرکراوەکان

ئەم تیۆرییە دەڵێت زۆرجار ئێمە لە خەونەکانماندا شوێن و کەسەکان دەبینین، بەڵام کە بەخەبەر دێینەوە بیرمان دەچێتەوە، کاتێک لە ڕاستیدا دیمەنێکی هاوشێوە دەبینین، ئەو یادەوەرییە خەوتووەی ناو خەونەکە بەخەبەر دێتەوە و هەستی "دێژا ڤو"ـمان پێ دەبەخشێت.