بە تۆمەتی فێڵکردن و ناردنی گەنجان بۆ بەرەکانی جەنگ 17 کەس دەستگیرکران

٢٦ شوباتی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

حکومەتی عێراق ڕێکارە یاسایی و دیپلۆماسییەکانی توندتر کردووەتەوە بەرامبەر بە دیاردەی دامەزراندنی هاووڵاتییانی عێراقی لە ناو سوپای ڕووسیادا، ڕاوێژکاری ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی ڕایگەیاند، عێراق بە فەرمی کار بۆ گەڕاندنەوەی ئەو گەنجانە دەکات کە بە “فێڵ” براونەتە ناو جەنگی ئۆکرانیا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2026، سەعید جیاشی، ڕاوێژکاری ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی و ئەندامی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی دامەزراندنی عێراقییەکان لە سوپای ڕووسیا، ئاشکرای کرد کە تا ئێستا 17 کەس دەستگیرکراون کە دەستیان هەبووە لە بردنی گەنجان بۆ ڕووسیا.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوو لە دەستگیرکراوەکان لە دادگای نەجەف سزای زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە، کە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری پشت بە ماددەی 165 دەبەستێت بۆ سزادانی هەر هاووڵاتییەک کە بەبێ ڕەزامەندی حکومەت پەیوەندی بە سوپای بیانییەوە بکات.

وتیشی، کە ئەو گەنجانە قوربانیی فێڵێکی گەورەن، سەرەتا بە ناوی “گرێبەستی خوێندن” دەبرێنە مۆسکۆ، بەڵام دوای گەیشتنیان، فشار و فێڵیان لێ دەکرێت بۆ ئەوەی گرێبەستەکانیان بگۆڕدرێت بۆ “گرێبەستی سەربازی” و ناچار دەکرێن بەشداریی شەڕی ئۆکرانیا بکەن. حکومەتی عێراق لایەنی ڕووسی ئاگادار کردووەتەوە کە ئەم ڕێکارانە “نادرووست و نایاسایین”.

هاوکات، عێراق لە دوو قۆڵەوە دەستی بە هەوڵەکانی کردووە، یەکەمیان لەگەڵ ئۆکرانیا گفتوگۆی دەستی پێکردووە بۆ ئازادکردنی ئەو عێراقییانەی کە لە ناو سوپای ڕووسیادا بوون و لەلایەن سوپای ئۆکرانیاوە بە دیل گیراون.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بڕیارە بەم زووانە شاندێکی باڵای عێراق سەردانی مۆسکۆ بکات بۆ دڵنیابوون لە ژمارەی ڕاستەقینەی ئەو عێراقییانەی لە سوپای ئەو وڵاتەدا وەرگیراون و کارکردن بۆ گەڕاندنەوەیان.

حکومەتی عێراق جەخت دەکاتەوە کە بە پەرۆشەوە کار بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتییانی دەکات و ڕێگە نادات هیچ لایەنێک گەنجانی وڵاتەکە بۆ ململانێ چەکدارییە نێودەوڵەتییەکان بەکاربهێنێت.