٢٤ شوباتی ٢٠٢٦
لە پشت پەردەی نەخۆشخانەکان و ناو مۆبایلە زیرەکەکانمان، شۆڕشێکی بێدەنگ لە ئارادایە، ژیریی دەستکرد چیتر تەنها وشەیەکی زانستی نییە، بەڵکو بووەتە "پارێزەرێکی دیجیتاڵی" بۆ تەندروستیمان، لە ئێستادا ژیریی دەستکرد (AI) تەنها لەناو کۆمپیوتەر و مۆبایلەکاندا نییە، بەڵکو بووەتە هاوکارێکی سەرەکی پزیشکان بۆ ڕزگارکردنی ژیانی مرۆڤەکان، ئەم تەکنەلۆژیایە خەریکە چەمکی "چارەسەر" دەگۆڕێت بۆ "پێشبینیکردن و ڕێگری".
چۆن ژیری دەستکرد یارمەتی پزیشکەکان دەدات؟
- دەستنیشانکردنی وردی نەخۆشی: سیستەمە زیرەکەکان دەتوانن وێنە تیشکییەکان (X-ray و MRI) شی بکەنەوە و خانە شێرپەنجەییەکان لە قۆناغە زۆر سەرەتاییەکاندا بدۆزنەوە، کە ڕەنگە بە چاوی ئاسایی نەبینرێن.
- پزیشکی تایبەت (Personalized Medicine): AI یارمەتی پزیشکان دەدات کە چارەسەرەکە بەپێی پێکهاتەی جیناتی و جەستەیی هەر کەسێک بە جیا دیاری بکەن، نەک یەک دەرمان بۆ هەمووان.
- پەرەپێدانی دەرمانی نوێ: پێشتر دۆزینەوەی دەرمانێکی نوێ ساڵانێکی زۆری دەخایاند، بەڵام ئێستا ژیریی دەستکرد لە ماوەیەکی کورتدا ملیۆنان پێکهاتەی کیمیایی تاقیدەکاتەوە بۆ دۆزینەوەی باشترین چارەسەر.
داهێنانی ساڵ: پەنکریاسی دەستکرد بە ژیری دەسکرد کار دەکات
ئەم تەکنەلۆژیایە چیتر خەون نییە، بەڵکو بووەتە ڕاستی و ژیانی ملیۆنان تووشبووی شەکرەی جۆری یەکەم (Type 1) دەگۆڕێت, ئەم ئامێرە بچووکە وەک "مێشکێکی ئەلیکترۆنی" کاردەکات بۆ ڕێکخستنی شەکر لە خوێندا بەبێ دەستوەردانی مرۆڤ.
ئەم داهینانە چۆن کاردەکات؟
ئامێرەکە لە سێ بەشی سەرەکی پێکدێت کە بە شێوەیەکی "زنجیرەیی" پێکەوە بەستراون:
- هەستەوەر (Sensor): لە ژێر پێست دادەنرێت و هەموو چرکەیەک ئاستی شەکر دەپێوێت.
- ئەلگۆریتمی AI: ئەمە "مێشکەکەیە"، شیکردنەوە بۆ داتاکان دەکات و پێشبینی دەکات کە ئایا شەکری کەسەکە لە چەند خولەکی داهاتوودا بەرز دەبێتەوە یان دادەبەزێت.
- پەمپی ئەنسۆلین: بەپێی فەرمانی ژیریی دەستکردەکە، بڕی تەواوی ئەنسۆلین دەڕژێنێتە ناو جەستە.
