لە دەرئەنجامی هێرشێکی داعش لە رەققە چوار کەس کوژران

٢٣ شوباتی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

میدیای فەرمی سووریا رایگەیاند، چوار ئەندامی "هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ" لە هێرشێکی چەکدارانی داعشدا لە شاری رەققە کوژران.

ئەمڕۆ دووشەممە 23ـی شوباتی 2026، ئاژانسی هەواڵی (سانا) لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە رایگەیاند، چوار کارمەندی وەزارەتی ناوخۆ لە هێرشێکی چەکدارانی داعشدا کوژراون ئەمەش دوای ئەوە دێت کە رێکخراوەکە بانگەوازی بۆ چەکدارانی کردووە رووبەڕووی دەسەڵاتدارانی نوێی وڵاتەکە ببنەوە.

وەزارەتی ناوخۆی سووریاش رایگەیاند، "هێرشە تیرۆریستییەکە" بازگەیەکی ئەمنی کردووەتە ئامانج و لە کاتی رووبەڕووبوونەوەکەشدا یەکێک لە هێرشبەرەکان کوژراوە.

هاوکات، ئەمە دووەم هێرشی چەکدارانی داعشە بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان لە ماوەی دوو رۆژدا، کە هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی هەڕەشەکانی ئەو رێکخراوە بۆ سەر دامەزراوەکانی حکومەت.