٢٣ شوباتی ٢٠٢٦
حکومەتی هەرێم لیستی ئەو ڕۆژانەی بڵاوکردەوە کە لە مانگی ڕەمەزاندا دەکرێنە پشووی فەرمی لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت و ناوەندەکانی خوێندن.
ئەمڕۆ دووشەممە 23ـی شووبات 2026، بەپێی خشتەی پشووەكانی حكومەتی هەرێم کە بڵاویکردەوە، سەرەتای پشووەکان لە 5ـی ئازار بە بۆنەی ساڵیادی ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلی کوردستان دەستپێدەکات، دواتریش بەهۆی یادی ڕێککەوتننامەی 11ـی ئازار و ڕزگارکردنی شاری هەولێر، جارێکی تر دەوام ڕادەگیرێت.
هەروەها ڕۆژی 14ـی ئازار کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی لەدایکبوونی مەلا مستەفا بارزانی، وەک پشووی فەرمی لە ناوەندەکاندا دیاریکراوە.
کۆتایی پشووەکانی ئەم مانگەش لە جەژنی ڕەمەزان و نەورۆزدا دەبێت، کە گەورەترین پشووی مانگەکەیە و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە 20 و 21ـی ئازارەوە تا 23 ئازار سەرجەم فەرمانگە و قوتابخانەکان دادەخرێن.
هاوکات، بە بڕیاری پەرلەمان و حكومەتی عێراق ڕۆژی 16ـی مانگی ئازار بەهۆی یادی كیمیابارای هەڵەبجەوە كراوە بە پشووی فەرمی، بەڵام تا ئێستا حكومەتی هەرێم بڕیاری لەو پشووەنەداوە.
