ئاگادارییەک لەبانکی ناوەندییەوە

٢٣ شوباتی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

بانکی ناوەندی رایگەیاند، ئاگاداری 4 جۆر فێڵ و ساختەکاری بن لە مامەڵەی دۆلار و دیناردا.

بانکی ناوەندیی عێراق هۆشدارییەکی توند ئاراستەی هاووڵاتیان دەکات و ڕایدەگەیەنێت، کەسانێکی "بێویژدان" بۆ قازانجی دارایی، چەندین شێوازی نوێی ساختەکارییان بۆ فێڵکردن لە خەڵک داهێناوە.

بانکەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەم کەسانە هاووڵاتیانیان کردووەتە ئامانج و داوا دەکات هەمووان "وریا و چاوکراوە بن".

بانکی ناوەندی 4 شێوازی سەرەکیی ساختەکاریی ئاشکرا کردووە کە لە بازاڕەکاندا بڵاوبوونەتەوە:

1- گەورەترین فێڵی دۆلار (1 ملیۆن دۆلاری):

کەسانێک بانگەشەی فرۆشتنی دراوێکی "1.000.000 دۆلاری" دەکەن وەک ئەوەی دراوی ئەسڵی بێت، لە ڕاستیدا ئەمە تەنها کاغەزێکی یادگارییە و هیچ بەهایەکی نییە و لە سووڕانەوەدا نییە، بەرزترین جۆری دراوی دۆلار تەنها 100 دۆلارییە.

2- فێڵی "کاغەزە ڕەشەکان"

کۆمەڵێک کەس کاغەزی ڕەشی بڕاو بە قەبارەی دۆلار بڵاو دەکەنەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەمە 100 دۆلاری ئەسڵییە و تەنها بە ماددەیەکی ڕەش داپۆشراوە، ئەوان بە درۆ دەڵێن دوای لێکردنەوەی ڕەنگی ڕەشەکە دەبێتەوە بە پارە، بەڵام ئەمە تەنها فێڵێکی تەکنیکی و کیمیاییە و هیچ بنەمایەکی نییە.

3- ساغکردنەوەی دراوە بێبایەخەکان:

هەندێک کەس ئەو دراوانەی وڵاتان کە لە سووڕانەوە دەرهێنراون و هیچ بەهایەکیان نەماوە، دەهێننە ناو عێراق و بە بیانووی جۆراوجۆر بە نرخێکی زۆر بەرز بە هاووڵاتیانی دەفرۆشنەوە.

4- پارەی یاری منداڵان و چاپکراوەکان:

بەکارهێنانی دۆلار و دیناری ساختە، یان ئەو جۆرانەی وەک “یاری منداڵان” چاپ دەکرێن و هەوڵدەدرێت لە ناو بازاڕدا وەک دراوی ئەسڵی مامەڵەیان پێوە بکرێت.

بانکی ناوەندی عێراق دووپاتی دەکاتەوە، کە سەرجەم دەزگا پەیوەندیدارەکان ئاگادار کراونەتەوە بۆ ڕێگریکردن لە چاپکردن یان هاوردەکردنی ئەم جۆرە دراوە ساختانە لە دەرەوەی عێراق، و هااوکات داوا دەکرێت هیچ مامەڵەیەک بە دراوە نائاساییەکان نەکەن و تەنها پەنا بۆ بانک و نووسینگە فەرمییەکان ببەن.

تێبینی گرنگ: هەمیشە وریای ئەو مامەڵانە بن کە بەڵێنی “قازانجی خێرا و نالۆژیکی” دەدەن، چونکە زۆربەیان داوی ساختەکارین.