٢١ شوباتی ٢٠٢٦
لە سنووری سلێمانی ئەو حاجیانە قەرەبوو دەکرێنەوە کە ساڵی رابردوو بەهۆی ئەوەی نەیانتوانی بە گەشتی ئاسمانی بگەڕێنەوە و بە رێگەی وشکانی گەڕاونەتەوە.
عەباس خدر، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی لە لێدوانێکدا رایگەیاند، سبەینێ یەکشەممە، لە سنووری پارێزگای سلێمانی، دەستدەکرێت بە دابەشکردنی 80 هەزار دینار قەرەبوو بەسەر ئەو حاجییانەی کە ساڵی رابردوو، بەهۆی گرژییە سیاسییەکانی ناوچەکەوە بە رێگەی ئاسمانی گەشتی حەجیان بۆ سعودییە ئەنجامدا، بەڵام بە رێگەی وشکانی لە سعودییەوە گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
وتیشی، بڕی قەرەبووەکە حکومەتی عێراق دابینیکردووە، سبەینێ حاجیان بۆ وەرگرتنی قەرەبووەکە دەتوانن سەردانی نووسینگەی حەج و عومرەی سلێمانی بکەن، ئەگەر حاجییەک لە دەرەوەى شار بوو، دەتوانێت کەسێکى نزیکى رابسپێرێت بۆ وەرگرتنەوەى پارەکە، بە مەرجێک بەڵگەنامە فەرمییەکانی حاجییەکەی پێبێت.
