وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریدا دەربارەی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان

١٢ شوباتی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

وەزارەتی ناوخۆ:" ئۆتۆمبێلی "بێ سەرەتا" بە هیچ شێوەیەک تۆمار ناکرێت".

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی شووباتی 2026، هێمن میرانی، سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕایگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە "بێ سەرەتا" ناسراون، بە هیچ شێوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ تۆمار ناکرێن و هیچ ژمارەیەکیان پێ نادرێت، ئەم بڕیارە وەک هەنگاوێک بۆ ڕێگری لە سەرپێچییە یاساییەکان و پاراستنی ئاسایشی هاتووچۆ وەسف دەکرێت.

هاوکات، لە ماوەی ڕابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاوکرابووەوە کە ئەگەری هەیە ئەو ئۆتۆمبێلانە تۆمار بکرێن، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ بە فەرمی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە و دووپاتی کردەوە، کە ئەو ئۆتۆمبێلانە نایاسایین و ناتوانرێت مامەڵەی فەرمییان بۆ بکرێت، و شۆفێران و هاووڵاتیان دەبێت ئاگاداری پارەی خۆیان بن و مامەڵە بەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەوە نەکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، وەزارەتی ناوخۆ داوا لە هاووڵاتیان دەکات پابەندی ڕێنماییەکان بن، چونکە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بەرپرسیارێتی یاسایی لێ دەکەوێتەوە و لە کاتی بینینیدا لەلایەن مەفرەزەکانەوە، دەستی بەسەردا دەگیرێت.