عێراق لەبارەی کورتهێنانی مووچەوە وەڵامی هەرێم دەداتەوە

١٠ شوباتی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، تەنیا پارەی ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە نێردراوە کە بە کردەیی ناویان لە لیستە پەسندکراوەکاندا هەیە و لەلایەن وەزارەتەوە پشتڕاست کراونەتەوە.

وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانی دایەوە سەبارەت بە بوونی کورتهێنان لە تەمویلی مووچەدا و ئاماژەی بەوە کرد، خەرجکردنی پارەکە بەپێی رێنمایی خەرجیی (1/12) بووە. هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، تەنیا پارەی ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە نێردراوە کە بە کردەیی ناویان لە لیستە پەسندکراوەکاندا هەیە و لەلایەن وەزارەتەوە پشتڕاست کراونەتەوە.

سەبارەت بەو کورتهێنان و جیاوازییە داراییانەی کە پەیوەندییان بە مانگەکانی رابردووەوە هەیە، وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت: "هەر بڕە پارەیەکی زیادە یان شایستەی مانگەکانی رابردوو لە چوارچێوەی میکانیزمی ئێستای خەرجکردن دا جێگەی نابێتەوە، چونکە ئەوە پێویستی بە گواستنەوەی یاسایی و تەرخانکردنی دارایی تایبەت هەیە؛ بۆیە ئەو بڕە پارانە لە کاتی ئامادەکردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2026دا چارەسەر دەکرێن".

حکومەتی عێراق لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا جەخت لە پابەندبوونی خۆی بە ناردنی مووچەی هەموو شایستەکان لە سەرتاسەری وڵات دەکاتەوە و داوا دەکات لایەنەکان لە گواستنەوەی راستییەکاندا وردبن و لە زمانی گرژی و بیانوو هێنانەوە دوور بکەونەوە.