١٠ شوباتی ٢٠٢٦
وەزارەی دارایی رایگەیاند، تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەم خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 10-2-2026، بڕی (931،257،000،000) نۆ سەدو سی و یەک ملیارو دووسەدو پەنجاو حەوت ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەی ماوەی چەند ساڵێکە حکومەتی فیدراڵ لە دژی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی دەکات و ئەو کێشە و گرفت و بیانوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان دروستی دەکات، بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بڕی (36،360،864،000) سی و شەش ملیارو سێ سەدو شەست ملیۆن و هەشت سەدو شەست و چوار هەزار دیناری لە کۆی تەمویلی مووچە نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی چەند مانگی رابردووی زیاتر لە هەشت هەزار خانەنشینی سەربازی و شارستانی کە لە ساڵی رابردوودا خانەنشین کراون و دوای پەسەندکردن و تەواوکردنی دۆسیەکانیان لە مانگی کانوونی دووەم داخڵی لیستی مووچە کراونەتەوە.
ئاشکراشیکرد، ئەو خانەنشینانەی کە لە مانگی یەک داخڵی لیستی مووچە کرابوونەوە و پێویست بوو چەند مووچەیەک بەیەکەوە وەربگرن، بەڵام لە بەغداوە تەنیا یەک مووچەیان بۆ هاتووە کە مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵە، لەو بارەیەوە تیمەکانیان لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و خەرجکردنەوەی ئەو شایستانە لە نزیکترین کاتدا.
