٨ شوباتی ٢٠٢٦
هەناردەکردنی مریشکی هەرێم بۆ عێراق گرفتی تێکەوتووە، وەزارەتی کشتوکاڵ هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی شوباتی 2026، ڕزگار حەمەد خدر، ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم ڕایگەیاند، هەندێک کێشەی ورد لە نێوان هەردوولادا هەن کە پەیوەستن بە شێوازی بارکردن، چۆنێتیی گرێبەست لەگەڵ کێڵگەکان و داننان بە بڕوانامە تەندروستییەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق ڕێکارەکانی گواستنەوەی ناردووە، بەڵام هەرێم تێبینی لەسەر هەبووە و دوای گۆڕانکاری، ئێستا چاوەڕوانی وەڵامی بەغداد دەکەن بۆ دەستپێکردنی فەرمیی هەناردەکە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، سەرەڕای هەبوونی ڕێککەوتنی پێشوەختە لە نێوان هەولێر و بەغداد، پڕۆسەی هەناردەکردنی مریشک و بەرهەمە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق تاوەکو ئێستا دەستی پێنەکردووە. وەزارەتی کشتوکاڵیش ئاماژە بە هەبوونی چەند “لەمپەرێکی تەکنیکی” دەکات.
هاوکات، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، پێشتر ڕایگەیاندبوو، کە تەواوی ڕێکارەکانی تایبەت بە ناردنی مریشکی زیندوو و بەستووی پەسند کردووە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، هەرێم توانایەکی زۆری لە بەرهەمهێنانی مریشکدا هەیە و دەتوانێت پێداویستییەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش پڕ بکاتەوە:
• ژمارەی پەلەوەرخانەکان: 1840 پەلەوەرخانە.
• بەرهەمی ساڵانە: زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک (نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشت).
• دابەشبوونی پەلەوەرخانەکان: سلێمانی (727)، هەولێر (576)، دهۆک (344) و هەڵەبجە (35).
بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵ جەخت دەکەنەوە، کە عێراق دوای قەدەخەکردنی هاوردەی مریشکی بەستووی دەرەکی، خواستی لەسەر بەرهەمی هەرێم هەیە، ئامانجی سەرەکیی وەزارەتیش لەم هەوڵانە، دروستکردنی بازاڕێکی جێگیرە بۆ بەرهەمە ناوخۆییەکان و ساغکردنەوەی ماندووبوونی خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان.
