ڕاگەیەنراوێک لە دامەزراوەی میدیایی نالیاوە

٤ شوباتی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

ڕاگەیەنراوێک لە دامەزراوەی میدیایی نالیاوە

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان لەڕێگای بەکارهێنانی هێزی ئەمنی و بە ناوی حکومەتەوە چوونەتە سەر نووسینگەی کەناڵەکانی ئێن ئارتی لە هەولێر و دهۆک و هەردوو نووسینگەکەیان داخستووە. جگە لەوەی ڕێگا بە تیمە ڕۆژنامەنووسییەکانی ئێن ئاڕ تی نەدراوە کەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەکان ببەنە دەرەوەی نوسینگەکە، هەروەها لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی بڕیاری قەدەغەکردنی کاری ڕۆژنامەوانی لە ئێن ئاڕ تی دراوە، بە بێ هیچ بنەما و پاساوێکی یاسایی و لۆژیکی. لە کاتێکدا وەزارەتی ڕۆشنبیری بێ ئاگایی خۆی لە بڕیارەکە دەربڕیوە.

ئێمە لە دامەزراوەی میدیایی نالیاوە سەرباری ئەوەی کاری ڕۆژنامەوانی پیشەییانەی خۆمان لە چوارچێوەی یاسای کاری ڕۆژنامەنوسیدا دەکەین، ئەم ڕەفتارەی پارتی بە دەستدرێژی ئاشكرا بۆ سەر کاری ڕۆژنامەنووسی و ڕۆژنامەنووسانی هەرێم دادەنێین و بە تووندی سەرکۆنەی دەکەین و داوا لە کونسوڵخانەی وڵاتان و ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکانی داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان دەکەین فشاری زیاتر لە دەسەڵات بکەن، چونکە ئەم جۆرە رەفتارانە جگە لە بەرتەسککردنەوەی ئازادیی ڕا دەربڕین و ڕۆژنامەوانی ناوبانگی هەرێمیش لەکەدار دەکات، بیری هەموو لایەکی دەخەینەوە کە یاسای ژمارەی 35ـی ساڵی 2007ـی کاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێم لە هیچ بەند و بڕگەیەکی تێدا نییە کە ڕێگا بە داخستنی کەناڵی ڕاگەیاندن و میدیایی بدات.

ئێن ئاڕ تی وا پێدەنێتە 16ـیەمین ساڵی تەمەنییەوە، ئەم مێژووەش دەریخستووە، ئەم ڕەفتارانە نەک کار لە کەناڵەکە ناکات بەڵکو پێداگیرترمان دەکات لە کاری پیشەیی ڕۆژنامەنووسییانەی خۆمان بۆ بەرگریکردن لە خەڵک.

دامەزراوەی میدیایی نالیا

4/2/2026