دوایین زانیاری لەسەر مووچە

٣ شوباتی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی هەرێم رایگەیاند: "لیستی مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانەی بەغدا کراوە و و هیچ کێشەیەکی تێدا نەبووە".

ئەمڕۆ سێشەممە، 3-2-2026، هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی هەرێم لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "لیستی مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانەی بەغدا کراوە، وردبینی تێداکراوە و پەسندکراوە، هیچ کێشەیەکی تێدا نەبووە".

جەختیشیکردەوە: "تەنیا ئەوە ماوە کە پارەکە بنێرن، ئەگەر نا هیچ بیانوییەکیان نەماوە".

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە بڕینی 3%ـی مووچەی مانگەکانی 11 و 12 دەکەن، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی ئەو هەواڵەی رەتکردەوە و رایگەیاند: "هەر مانگێک هەژماری خۆی هەیە، کاتێک بەغدا پارەی مانگەکانی 11 و 12ـی نەناردووە، ناکرێت ئێستا پارە لە خەڵک ببڕین بۆ ئەوەی بیدەین بە ئەوان، ئەمە راست نییە".

ئەمەش لە کاتێکدایە، تاکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی 11 و 12ـی ساڵی رابردوو و مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵ دابەش نەکراوە.