لەبارەی خوێندنی زمانی کوردی حکومەتی سوریا بڕیاریدا

٢٦ کانونی دووەمی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

وەزارەتی پەروەردەی سووریا رایگەیاند، زنجیرەیەک رێنمایی نوێی بۆ جێبەجێکردنی مەرسوومی ژمارە (13)ـی سەرۆکایەتی وڵات دەرکراوە، کە تایبەتە بە فەرمیکردنی خوێندنی زمانی کوردی و ئامادەکردنی پڕۆگرامی پەروەردەیی بۆ ئەم زمانە.

ئەمڕۆ دووشەممە 26ـی کانونی دووەمی 2026، بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی پەروەردە ، وەزارەتەکە پابەند کراوە کە لە ماوەی کەمتر لە شەش مانگدا پڕۆگرامی خوێندنی زمانی کوردی بۆ سەرجەم قۆناغەکان ئامادە بکات و کارمەندی پێویست بۆ وانەی کوردی لەسەر میلاکی هەمیشەیی و وانەبێژ دابنرێن و خولی راهێنانی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە.

هاوکات هەر بەپێی نووسراووەکە، زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتیمانی ناسێنراوە و رێگە دەدرێت لە خوێندنگە حکومی و ئەهلییەکانی ئەو ناوچانەی کورد تێیاندا زۆرینەیە، بخوێندرێت.

لە نووسراوەکەدا هاتووە، خوێندنی زمانی کوردی بە شێوەی ئیختیاری (ئارەزوومەندانە) دەبێت و هەفتانە دوو وانە بۆ هەموو پۆلەکان تەرخان دەکرێت.

هەرچەندە وانەکە دەخوێندرێت، بەڵام ئەنجامی دەرچوون یان کەوتن لەم قۆناغەدا لەسەر خوێندکار هەژمار ناکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا، مەرسوومێکی تایبەتی بۆ گرنگیدان بە زمانی کوردی دەرکرد وەک هەنگاوێک بۆ رێزگرتن لە پێکهاتە نەتەوەییەکانی وڵات.