٢١ کانونی دووەمی ٢٠٢٦
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی نوێ کردووە بۆ گواستنەوەی زیندانییانی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریاوە بۆ عێراق، بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی تیرۆریستان لە شوێنی پارێزراودا دەمێننەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی کانونی دووەمی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی نوێ کردووە بۆ گواستنەوەی زیندانییانی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریاوە بۆ عێراق پرۆسەکە دەستیپێکردووە و هێزەکانیان بە سەرکەوتوویی 150 چەکداری داعشیان لە زیندانێکی حەسەکە گواستووەتەوە بۆ شوێنێکی پارێزراو لە عێراق.
ئاماژەی بەوەشکرد، پلانیان هەیە نزیکەی حەوت هەزار زیندانیی داعش لە سوریاوە بگوازنەوە بۆ زیندانەکانی ژێر کۆنترۆڵی عێراق.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم رایگەیاند:" هەماهەنگیی نزیکمان لەگەڵ حکومەتی عیراق هەیە و رۆڵیان بەرز دەنرخێنین، گواستنەوەی رێکخراو و پارێزراوی زیندانییانی داعش گرنگە بۆ رێگریکردن لە شکاندنی زیندانەکان و هەڵاتنیان، کە هەڕەشەی راستەوخۆ دەبێت بۆ سەر ئاسایشی ئەمریکا و ناوچەکە ".
