٢٠ کانونی دووەمی ٢٠٢٦
فەرمانداری هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایگەیاند: "گەلی کورد لە دۆخێکی سەختی بەرەنگارییدایە و ئەوەی هەیە پلانگێڕییە"؛ دەشڵێت: "چی دەبێت با ببێت رۆژئاوا بە تەنیا بەجێناهێڵین".
موڕاد قەرەیلان، فەرمانداری هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لەبارەی دۆخی رۆژئاوای و کوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "گەلی کورد لە دۆخێکی سەختی بەرەنگارییدایە و ئەوەی هەیە پلانگێڕییەکی ئاشکرایە دژی کورد، مەترسییەکە تەنیا رۆژئاوا نییە و دواتر باشور و پارچەکانی دیکەش دەگرێتەوە".
وتیشی: "تورکیا لە باکوری کوردستان بۆ دۆخی ناوخۆیی ئاشتی و چارەسەری برایەتی گەلانی دەوێت و لە رۆژئاوای کوردستانیش بە هەموو هێز و توانایەوە شەڕی کورد و رۆژئاوای کوردستان دەکات و دەستکەوتەکانی بە ئامانجدەگرێت، کورد و تەڤگەر منداڵ نین و باش لەو سیاسەتەی تورکیا تێدەگەین کە لە پشت رووداوەکانەوەیە، ئەوەی روودەدات کاریگەری تەواوی لەسەر پڕۆسەی ئاشتی دەبێت و بابەتەکە پەیوەستە بە هەموو کورد".
جەختیشیکردەوە: "چی دەبێت با ببێت رۆژئاوا بە تەنیا بەجێناهێڵین شەڕەکە شەڕی کوردە، دەبێت کورد لە هەر چوار پارچە یەکبێت و باوەڕ بە شەڕڤانان بکەن، لە رابردوودا چۆن کۆبانێ بووە قەڵای بەرخۆدان، ئەمجارەش مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، دەبێت کورد رێباز و رێگەی تونێلەکان بەکاربهێنێت چونکە تاکە رێگەی رووبەڕووبوونەوەی هەموو تەنکنەلۆژیایەک و چەکێکی پێشکەوتووە".
ئاماژەی بەوەشکرد، جارێکی دیکە بێویژدانی جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ هەمووان سەلما و ئێستا رۆژ رۆژی هیممەت و بەرخۆدان و تێکۆشانی هەموو کوردێکی شکۆمەندە.
