لە ئێران چی دەگوزەرێت؟ چەند کەس تا ئێستا کوژراون؟

٢ کانونی دووەمی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

لە رۆژی 28-12-2025ـەوە، خۆپێشاندان و ناڕەزایی دەربڕین دژی خراپی دۆخی ئابووری و دابەزینی زۆری بەهای تمەن لە تاران دەستیپێکردووە و رۆژی سێشەممە و چوارشەممە مانگرتن و ناڕەزایی دەربڕین لە ژمارەیەک شاری دیکەش روویدا.

دوێنێ پێنجشەممە 1ـی کانونی دووەمی 2026، لە شارەکانی مەرڤدەشت و فولادشەهری پارێزگای ئەسفەهان و لە شاری لۆردگان لە پارێزگای بەختیاری، خۆپیشاندان کرا و بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران گازی فرمێسکڕێژ بەکاردەهێنن و تەقەیان لێ دەکەن و لە بەرامبەردا خۆپیشاندەرانیش رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان دەبنەوە.

بەپێی ئەو زانیارییە نافەرمییانەی تاوەکو ئێستا بڵاوکراونەتەوە، لە شاری لۆردگان دوو گەنجی 21 ساڵ و 28 ساڵ و لە فولادشەهریش کەسێک بە ناوی داریوش ئەنساری بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژراون و لە کوویەشتی لوڕستان گەنجێکی 22 ساڵ بە ناوی ئەمیرحیسام کوژراوە و لە شاری ئەزنای پارێزگای لوڕستان سێ کەس بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژران، کە بە کۆی گشتی تا ئێستا 7 کوژران هەبووە لە خۆپیشاندانەکانی ئێران.

لە تارانی پایتەخت دوای ئەوەی محەممەدسادق موعتەمدیان، پارێزگاری تاران رایگەیاند، بە هاوکاری پۆلیس ناڕەزایەتیی کاسبکارانیان کۆنترۆڵ کردووە، رۆژی پێنجشەممە جارێکی دیکە لە بازاڕی میوە و سەوزەی شاری تاران خۆپیشاندان بەڕێوەچوو.

بەشێک لە دووکان و بازاڕەکانی پایتەختی ئێران رۆژی پێنجشەممە داخران، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەندین ڤیدیۆ بڵاوکراونەتەوە لەبارەی بەڕێوەچوونی مانگرتن لە شاری ئەسفەهان و دەوترێت، کاسبکاران بە نیشانەی ناڕەزایی مانیان گرتووە و دووکانەکانیان داخستووە.

فاتمە مهاجرانی، وتەبێژی حکومەتی ئێران رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، پارێزگارەکان راسپێردراون گوێ لە خواستی نوێنەرانی پیشەوەران و کاسبکاران بگرن، بۆ ئەوەی بڕیاری دروست بدرێت و کێشەکان چارەسەر بکرێن.

هەروەها لە کوویەشت، کرماشان، ئەراک، ئەسەدئاوای هەمەدان، بابول، رەشت، سەبزەوار و ژمارەیەک شاری دیکە خۆپیشاندان کرا و گرژی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکانی ئێران روویدا.

لە کوویەشتی لوڕستان، هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵک تەقەیان کرد و گازی فرمێسکڕێژ بەکارهات و درەنگانی ئێوارە لە ئەنجامی ئەو گرژییەدا گەنجێکی 22 ساڵ بە ناوی ئەمیرحیسام گیانی لەدەستدا، سوپای پاسداران رایگەیاند، ئەو گەنجە ئەندامی سوپا بووە، بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە زاری شایەتحاڵانەوە رەتیدەکەنەوە و دەڵێن، بە تەقەی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراوە.

کازم نەزەری، داواکاری گشتیی کوویەشت دەڵێت، شەوی چوارشەممە 20 کەس دەستبەسەر کراون.

محەممەد ڕەزا هاشمی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە لەوبارەیەوە رایگەیاند، ژمارەیەک لە خۆپێشاندەران هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی پۆلیس و لە ئەنجامدا هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لێکردوون.

بە وتەی محەممەد ڕەزا هاشمی، لە ئەنجامی تەقەکردنەکەی پۆلیسدا، سێ کەس لە خۆپێشاندەران کوژراون و ژمارەیەکیش بریندار بوون.

دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران دەستی لەکارکێشایەوە و عەبدولناسر هیمەتی کرایە سەرۆکی نوێی بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە. هیمەتی رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، بەهای تمەن و دۆخی بازاڕ سەقامگیر دەکەن و پێش بە گەندەڵی لە بازاڕی دراو دەگرن.