ئەمڕۆ گەڕی سێیەمی دەنگدان بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان ئەنجام دەدرێت

٣٠ كانونی یەکەمی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا بەڵام هێشتا پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان یەکلای نەکراوەتەوە کە لە پشکی کوردە.

ڕۆژی دوو شەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەم بەڕیوەچوو، هەیبەت حەلبوسی وەک سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا بە 208 دەنگ، عەدنان فەیحان توانی 177 دەنگ بە دەست بهێنێت و ببێتە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.

بەڵام پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کە لە پشکی کوردە یەکلای نەکرایەوە.

بۆ ئەو پۆستە هەر یەک لە شاخوان عەبدوڵا پەرلەمانتاری پارتی و ڕێبوار کەریم پەرلەمانتاری ڕەوتی هەڵوێست کاندید بوون.

لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا ڕێبوار کەریم 153 دەنگی هەبوو لە بەرامبەردا شاخەوان عەبدوڵا 119 دەنگی هەبوو.

لە گەڕی دووەمی دەنگداندا ڕێبوار کەریم 156 دەنگی هەبوو، لە بەرامبەردا شاخەوان عەبدوڵا 109 دەنگی هەبوو.

بۆ ئەوەی هەر یەک لەو دوو کاندیدە سەرکەوتووبن دەبێت 165 دەنگ یان زیاتریان هەبێت، هەر بۆیە بڕیارە ئەمڕۆ گەڕی سێیەمی دەنگدان ئەنجام بدرێت.