٢٩ كانونی یەکەمی ٢٠٢٥
چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز لە نێوان نەتانیاهۆ و ترەمپ بکرێت لەبارەی تاوتوێکردنی داهاتووی ڕێککەوتننامەی ئاگربەستی غەززە.
گفتوگۆکان لەسەر چارەنووسی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە بەردەوامن، ئەمجارە لە ئەمریکا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئایندەی ڕێککەوتنەکە، لەکاتێکدا پێدەچێت بەردەوامبوون بۆ قۆناغی دووەمی وەستابێت.
ئەمە پێنجەمین سەردانی ناتانیاهۆیە لە ئەمساڵدا بۆ ئەمەریکا و چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا چەندین بابەتی بەرفراوانی ناوچەیی تاوتوێ بکات، لەوانە: ئێران، گفتوگۆ لەسەر ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان ئیسرائیل و سوریا، ئاگربەست لەگەڵ هەسەدە لە لوبنان، هەنگاوەکانی داهاتووی ڕێککەوتنی غەززە.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی ترەمپ و نێوەندگیرانی ناوچەکە هەوڵدەدەن بەردەوامیبدەن بە ڕێککەوتنەکە بەرەو قۆناغی دووەم کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا واژۆکرا.
بەڵام ئاگربەستی نێوان هەردوولا بەهۆی چەندین پێشێلکارییەوە تێکچووە و هەریەکەیان ئەوی دیکەیان بە پێشێلکاری تۆمەتبار کردووە. نێوەندگیران ترسیان لەوە هەیە کە هەریەکە لە ئیسرائیل و حەماس لە بەردەوامبوون بەرەو قۆناغی داهاتوو بوەستن.
لە قۆناخی دووەمی ڕێککەوتنەکەدا، کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە پێگەکانی ئێستایان لە غەززە، گواستنەوەی کۆنتڕۆڵی کەرتی غەززە بۆ دەسەڵاتێکی کاتی لە جیاتی حەماس و جێگیرکردنی هێزێکی سەقامگیری نێودەوڵەتی دیاریکراو.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆشکی سپی، بڕیارە ترەمپ لە کاتژمێر 1:00ـی پاشنیوەڕۆ لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە مار-ئا-لاگۆ لە پاڵم بیچ لە ویلایەتی فلۆریدا لەگەڵ نەتانیاهۆ کۆببێتەوە، کە سەرۆکی ئەمریکا پشووەکانی تێدا بەسەر دەبات.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سەرەڕای ئەوەی لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2025ـدا لەلایەن دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتییەوە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، گەشت دەکات بۆ ئەمریکا.
هەرچەندە فەرمانی دەستگیرکردنەکە هیچ کاردانەوەیەکی بەرجەستەی لێنەکەوتەوە، بەڵام کاریگەری لەسەر گەشتەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەبوو.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی ئیسرائیلی و ڕۆژئاواییەکان، پێشتر ناتانیاهۆ ناچار بووە ڕێگەی درێژتر بگرێتەبەر لە گەشتەکانیدا بۆ نیویۆرک بۆ ئەوەی خۆی لە ئاسمانی هەندێک وڵاتی ئەوروپی دوور بخاتەوە، بەمەش ڕێگری لە پابەندبوون بەو وڵاتانە دەکرێت کە فەرمانی دەستگیرکردنەکە جێبەجێ بکەن.
دادگا لەو کاتەدا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ محەمەد دیف، فەرماندەی گشتی لیواکانی عیزددین ئەلقەسام (باڵی سەربازی حەماس) دەرکردبوو، بەهۆی ئەوەی گوایە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگی لە سەر خاکی دەوڵەتی ئیسرائیل و دەوڵەتی فەلەستین لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە ئەنجامدراوە.
بەڵام دادگا لە 26ـی شوباتی 2025، دوای ئەوەی داواکاری گشتی لە مردنەکەی ئاگادارکرایەوە، دادگاییکردنی کۆتایی پێهێنا.
گواستنەوە بۆ قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست بەخاوی دەمێنێتەوە، سەرەڕای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت لەگەڵیدا هەنگاو بنێتە پێشەوە، ترەمپ ئەو ڕێککەوتنەی بە یەکێک لە دەستکەوتە گەورەکانی خۆی لە ساڵی یەکەمی خولی دووەمی خۆیدا زانی.
ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمریکا و جارێد کوشنەر، زاوای سەرۆک، سەرەتای مانگی کانوونی دووەم لە میامی لەگەڵ نوێنەرانی قەتەر، میسر و تورکیا- وڵاتانی نێوەندگیری- لە میامی کۆبوونەوە.
ئیسرائیل و حەماس ماوەیەکە تۆمەتەکانیان بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە ئاڵوگۆڕ دەکەن، پێش ئەوەی دانوستانەکان بۆ گواستنەوە بۆ قۆناغی دووەم دەست پێبکات، ئیسرائیل داوای گەڕاندنەوەی تەرمی دوایین بارمتە دەکات کە لە غەززە دەستبەسەرکرابوو، بەڵام حەماس جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێشتا شوێنی نەدۆزیوەتەوە.
