٢٩ كانونی یەکەمی ٢٠٢٥
دەربارەی سوودەکانی بزانە و هەروەها کەی دەکرێت لە خۆراکێکی بەسوودەوە بگۆڕدرێت بۆ مەترسییەک لەسەر تەندروستی.
پەتاتە...ئایا تەنها سەوزەیەکی تەندروستە؟، یاخود ئەگەری هەیە مەترسی دروست دەکات؟
پەتاتە یەکێکە لەو خواردنانەی لە جیهاندا زۆرترین خواستی لەسەرە، لە ڕیزبەندی زۆرترین ئەو خواردنانەی لە جیهاندا زۆرترین خواستی لەسەرە لە پلەی چوارەمدایە لە دوای برنج و گەنم و گەنمەشامی، سەرچاوەی پەتاتە دەگەڕێتەوە بۆ ئەمریکای باشوور، کە بۆ یەکەمجار نزیکەی 7000 ساڵ لەمەوبەر لەوێ چێندراوە.
یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی پەتاتە ئەوەیە کە چاندن و گەشەکردنی ئاسانە و لەروی نرخیشەوە هەرزانە، ئەمەش وایکردووە بۆ چەندین ساڵ و لە چەندین وڵاتدا ببێتە خۆراکێکی سەرەکی.
بەڵام لەم چەند دەیەیەی ڕابردوودا بەکارهێنانی پەتاتەی ئاسایی کەمی کردووە، لە بەرامبەردا بەکارهێنانی بەرهەمەکانی پەتاتە خواستی زیادی کردووە، وەکو پەتاتە سوورکراو (French fries) و جبس (potato chips) بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
هەرچەندە لەلایەن هەندێک کەسەوە وەک سەوزە پۆلێن دەکرێت، بەڵام شارەزایانی بواری خۆراک پێیان وایە لە ڕووی تایبەتمەندی خۆراکییەوە بەراورد ناکرێت لەگەڵ سەوزەکانی دیکە و پەتاتە لە "پلانی خواردنی تەندروست"ـدا نیە کە زۆرێک لە ڕێنماییە خۆراکیەکان پێشنیاری دەکەن، بەپێی توێژینەوەیەکی خۆراکی زانکۆی هارڤارد.
سوود و مەترسییە تەندروستییەکان:
ئەو ماددە خۆراکیانەی پەتاتە دابینی دەکات: پۆتاسیۆم، ڤیتامین سی، ڤیتامین بی 6، و فایبەر، بەتایبەتی لە پێستدا، بەڵام شێوازی لێنانی پەتاتەکە جیاوازیەکی بەرچاو دروستدەکات لەسەر تایبەتمەندیە خۆراکییەکانیدا، بۆ نموونە کوڵاندن ڕێژەی پۆتاسیۆم کەم دەکاتەوە.
لەڕووی تەندروستییەوە خواردنی پەتاتە پەیوەستە و کاریگەری هەیە لەسەر ئاستی شەکر لە خوێندا بەهۆی دوو جۆری نیشاستەوە ئەوانیش: یەکێکیان بەخێرایی هەرس دەبێت و شەکری خوێن بەرز دەکاتەوە، وە یەکێکی دیکەیان بەرگری هەیە لە هەرسکردن و ڕەنگە سوودی هەبێت لە کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە، بەتایبەتی کاتێک پەتاتە دوای ساردبوونەوە دەخورێت، بەگوێرەی کتێبخانەی نیشتمانی پزیشکی.
لە روانگەیەکی دیکەوە، شێوازی ئامادەکردنی پەتاتە ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت لەسەر تایبەتمەندیەکانی و سوود و زیانەکانی، ئەگەر بە "کەرە"ـوە ئامادە بکرێت یاخود سوربکرێتەوە لەناو ڕۆندا ئەوا کالۆری و ڕێژەی چەوریەکەی زیاد دەکات، بە بەراورد لەگەڵ دانەوێڵە، پەتاتە هەمان سوودە تەندروستییە درێژخایەنەکان پێشکەش ناکات.
