لەبارەی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێ ئاگاداری دەدرێت

٢٨ كانونی یەکەمی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

شارەزایەکی کەشناسی هۆشداری لە ئەگەری دروستبوونی لافاو دەدات لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم، ئەگەری بارینی ببەفرێکی مێژوویی هەیە.

د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی و بومەلەرزەزانی بڵاویکردەوە:" بەپێی وێنەکانی ئێستای مانگی دەستکرد بارانی زۆر بەهێز لە زۆر ناوچەی هەرێم دەبارێت و ئەگەری دروستبوونی لافاو لە شوێنە نزمەکان و دۆڵ و ڕووبارەکان هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بارانە زۆرە هەمووی بەفرە لە ناوچە سنووریەکان و شار و دێهاتیە شاخاوییەکان، بۆیە ئەگەری بەفرێکی مێژوویی هەیە لە ناوچە سنووری و شاخاوی و مەرزەکان ببارێت.

ئاگاداری دەدات، ڕێنماییەکانی بەرگری شارستانی جێبەجێ بکرێت و :" ئەوەی کاری زۆر زەرووری نیە نەچێتە ئەو ناوچانەو تەنانەت ناوچە نزیکەکانیش، چونکە ئەوەی ئێستا تەنها شەپۆلی یەکەم یاخود نزمە پەستانی یەکەمە، پێشبینی شەپۆلی دووەم دەکەین بۆ ڕۆژی دووشەممە و ئەگەری بەفروبارانی زیاتر هەیە و پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزێت و بەفر دەگاتە شار و دێهاتە نیمچە شاخاوییەکانیش بۆ ناوچە دەشتاییەکانیش ئەگەر هەیە لە کۆتایی حاڵەت هەندێ بەفر بپروشێنێ.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە شەوی شەممەوە شەپۆلێکی بەفروباران هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان بەفرێکی زۆر باریوە، لەناو سەنتەری شارەکانیش، بارانبارینی بە لێزمە و مامناوەند بەردەوامە.