٢٦ كانونی یەکەمی ٢٠٢٥
وەزارەتی ناوخۆی سوریا ئاماری قوربانییانی ئەو تەقینەوە تیرۆریستییەی ڕاگەیاند, تەقینەوەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، لە مزگەوتێکی شاری حومس روویدا.
ئەمڕۆ هەینی 26ـی کانوونی یەکەمی 2025، وەزارەتی ناوەخۆی سوریا ڕایگەیاند، تەقینەوەیەک لە کاتی ئەنجامدانی نوێژی هەینیدا لە مزگەوتی ''ئیمام عەلی کوڕی ئەبو تالیب'' کە دەکەوێتە شەقامی ''خەزەری'' لە گەڕەکی ''وادی ئەلزەهەب'' لە شاری حومس ڕووی دا.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەم کارە تیرۆریستییەوە، 12 هاووڵاتی شەهید بوون و 21 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.
ئەمەش لەکاتێکدایە، دەستبەجێ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و گەمارۆی ئەمنییان بەدەوری مزگەوتەکەدا داوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد و کۆکردنەوەی بەڵگەکان کردووە بە مەبەستی دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی ئەم تەقینەوەیە.
